ژنێکی بەتەمەن لە دامێنی چیای قەرەجداخەوە بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان: وەرن میوانداریتان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو لە سێگۆشەی زێڕینی میزۆپۆتامیاوە بووڵتەنی باکووری کوردستانی پێشکێشکرد، لە بناری چیای قەرەجداخ، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگەکانی ئامەد، رووها و مێردین.
 
ناوەندی خلیسکێنەی قەرەجداخ ساڵی 1999 دروستکراوە، شوێنێکی تابڵێی دڵڕفێنە و گەشتیارانی زستانە رووی تێدەکەن.
 
لەم وەرزەی گەشتیاریی زستانەدا، بەتایبەتیش لە پشووی هەفتەدا رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار گەشتیار سەردانی قەرەجداخ دەکەن.
 
لەلایەک کەباب و تکە برژاندنە، لەلایەکی دیکەشەوە دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەڕکێیە.
 
مەریەم کەنگیش، هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستانە، بناری چیاکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "نزیکەی چوار ساڵە خلیسکێنەی سەر بەفر دەکەم. باوکم فێری کردووم." هەروەها دەڵێ "جلوبەرگەکانم سارد نین، لەبەر ئەوەی جوڵە دەکەم و گەرمام دەبێت."
 
دایە کەوێ یەکێک لە گەشتیارانە و بە جلی کوردییەوە هاتووە، ئەو پەیامی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان هەیە و، دەڵێ "وەرنە ئێرە، میوانداریتان دەکەین و ئێمەش دێینە ناوچەی ئێوە، کەسی غەریبمان لەنێواندا نییە."
 
ئێستا لەم ناوەندەدا نیو مەتر بەفر کەوتووە. راهێنەرانی خلیسکێنەی سەر بەفر بەخۆڕایی راهێنان بە گەشتیاران دەکەن. ئەم ناوەندە چەند کەموکورییەکیشی هەیە کە هاونیشتمانیان لەڕێی رووداوەوە باسی دەکەن 
 
دۆغان شان، خاوەنی کۆمپانیای ئاسوور توریزم گوتی "لەبەرئەوەی هۆتێل نییە، خەڵک ناتوانن بمێننەوە، ئەگەر نەشمێننەوە گەشتیاری دروست نابێت. بۆ ئەوەی گەشتیاری دروست بێت، دەبێت پاکژی هەبێت."
 
هەمزە ئاغان، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و بۆ خۆگەرمکردنەوە لەنێو بەفرەکەدا جەمەدانی بەستووە، دەڵێ "دەخوازین لێرە تەلەفریکێک هەبێت کە بگاتە سەر چیا، هەروەها رێگەکە ناخۆشە، پێویستە سێ، چوار رێگە هەبن."
 
بناری چیای قەرەجداخ 60 کیلۆمەتر لە ناوەندی ئامەدەوە دوورەوە و ساڵانە هەزاران گەشتیار رووی تێدەکەن.
 
پار ملیۆنێک و 253 هەزار گەشتیار سەردانی ئامەدیان کردووە، کە زۆربەیان گەشتیاری بیانی بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان سەردانی بناری قەرەجداخیان کردووە.