لەگەڵ رەنج؛ شێوازی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مەترسی دەخاتە سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە روو لە هەڵکشان دەکات و پزیشكێکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی گرێ و شێرپەنجە دەڵێت لە ماوەی سێ ساڵدا لە هەرێمی کوردستان رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە شەش هەزار و 200 کەسەوە گەیشتووەتە نزیکەی 10 هەزار کەس، هاوکات بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەش دەڵێت ژینگەی هەرێمی کوردستان تەندروست نییە و یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش خراپی کوالێتیی سووتەمەنی و زیادبوونی ئۆتۆمبێل و موەلیدەیە.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی د. كاوە حەمەشەریف، پسپۆڕی كیمیای پیشەسازی؛ رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگە و راگەیاندن لە دەستەی ژینگە؛ جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر؛ دكتۆر هەورۆ تەها، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی گرێ و شێرپەنجە؛ توانا ناسح، مامۆستای زانكۆ و خاوەنی بەنزیخانە و د. سیراج محەممەد، مامۆستا لە بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانكۆی سەڵاحەدین شێوازی بەرهەمهێنانی بەنزین و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
کوالێتی لە هەرێمی کوردستان "گرنگی نەماوە"
پسپۆڕێکی كیمیای پیشەسازی پێیوایە، بەهۆی نەبوونی مووچە و خراپیی دۆخی دارایی خەڵک، رۆژ لەدوای رۆژ کوالێتی خواردن و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک دادەبەزێت و ئەگەریش بەم شێوەیە بەردەوامبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا تەندروستیی گشتی "دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار".
د. كاوە حەمەشەریف، پسپۆڕی كیمیای پیشەسازی دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان شتێک نەماوە دەستی بۆ ببەیت و تووشی شێرپەنجەت نەکات، تەنانەت دارەکانی سەر شەقامیش گەڵاکانیان بە گازی دوانەئۆکسیدی گۆگرد و نایترۆجن و دوانەئۆکسیدی کاربۆن داپۆشراون و توانای دەردانەوەی ئۆکسجنیان نییە".
د. کاوە حەمەشەریف گوتی: "بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، هاووڵاتییەک توانای کڕینی خۆراکی کوالێتیی بەرزی نییە و تەنیا بیری لای ئەوەیە کامەی هەرزانترە بیکڕێت، بۆیە ئێستا بابەتی کوالێتی لە هەرێمی کوردستان گرنگی نەماوە، گەر بەم شێوەیەش بەردەوامبێت، تاوەکو چوار ساڵی دیکە دۆخی تەندروستیی گشتی دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار".
هەڵنەگرتنی دەرمان بە شێوەی زانستی
د. كاوە حەمەشەریف باس لە 150 جۆری شێرپەنجە دەکات کە بەهۆکاری جۆراوجۆر مرۆڤ تووشیان دەبێت و دەڵێت: دەرمانی ناپێویست و خراپ یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوونە بە شێرپەنجە، لەبەر ئەوەی لە کەتەلۆگی زۆربەی دەرمانەکان نووسراوە لە ژێر 25 پلەی گەرمی هەڵبگیرێت، پرسیارەکە ئەوەیە لە هاویناندا هیچ دەرمانخانەیەک لە کوردستان هەیە دەرمانەکانی لەنێو ساردکەرەوەدا هەڵگرتبێت؟"
ئەو پسپۆڕەی كیمیای پیشەسازی دووپاتیدەکاتەوە: "دەرمانێک کە لێی نووسراوە نابێ لە پلەی گەرمای 25 پلە هەڵبگیرێت، لای ئێمە دەخرێتە نێو رەفەی دەرمانخانە و هاوینان پلەی گەرمی تێیدا دەگاتە سەروو 45 و ئەوەش وادەکات ئەو دەرمان و شرووبانە پێکهاتەکانیان شی ببێتەوە، کاتێک نەخۆش بەکاریدەهێنێت خانەی شێرپەنجەکانی چالاکتر دەبن".
"تەنیا لە هەرێمی کوردستان" بەنزینی گیراوە دروستدەکرێت
توانا ناسح، مامۆستای زانكۆ و خاوەنی بەنزیخانە پێیوایە: دوو شێوازی دروستکردنی بەنزین هەن کە یەکەمیان شێوازە تەندروستەکەیە و لە پاڵاوگەدا بەرهەمدێت، شێوازەکەی دیکە ئەو بەنزینە ناتەندروستەیە کە لە بازاڕ و گۆڕەپانەکانی کوردستاندا دروستدەکرێت، کە کۆمەڵێک کەرەستەی محەسەن تێکەڵی نەفتا دەکەن. ئەو جۆرە بەنزینانە هەمووی دروستکەری شێرپەنجە و دەیان نەخۆشییە و جگە لە هەرێمی کوردستان لە هیچ شوێنێکی دنیا شک نابەم بەم شێوەیە بەنزینی گیراوە دروستبکرێت".
توانا ناسیح دەڵێت: "حکومەت ستانداردێکی بۆ بەنزین دیاریکردووە و لە ستانداردەکەدا مەرج ئەوەیە ئۆکتانی بەنزین 92 بێت، بەڵام ئەو رێنماییە بەلایەوە گرنگ نییە بە چ شێوازێک ئۆکتانی بەنزینەکە دەگەیەنیت بەو ژمارەیە"، لە بەرامەردا جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر باس لەوە دەکات کە "لە هەرێمی کوردستان ئەو پشکنینەی بۆ بەنزین دەکرێت 12 جۆر پشکنینە و بەتەنیا بۆ ئۆکتانی بەنزینەکە نییە".
با شۆفێران "بەنزینی سۆپەر نەکرن"
سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر دەڵێت 80٪ـی بەنزینی نۆڕماڵی هەرێمی کوردستان بە ستانداردی جیهانی بەرهەمدێت و داوا لە شۆفێران دەکات لەبری بەنزینی سۆپەر، بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، لەبەر ئەوەی "زۆربەی بەنزینی سۆپەری کوردستان بە گیراوەی کیمیایی دروستدەکرێت و زیان بە ژینگە و ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت".
جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر رایگەیاند: "بەنزینی تێکەڵکراو لە هەرێمی کوردستان هەیە و دروستدەکرێت، بەڵام ئەو بەنزینە لە هەموو بەنزینخانەکان نییە، داوام ئەوەیە شۆفێران لەبری بەنزینی سۆپەر و محەسەن، بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکەیان بکەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی بەنزینی سۆپەرەکانی کوردستان گیراوەن و بە زەبری دەرمان ئۆکتانیان بەرزدەکرێتەوە".
بە گوتەی جەنگی مەجید، پلان هەیە حکومەتی خۆجێیی هەولێر بەتەواوەتی بەنزینی سۆپەر لە هەولێر نەهێڵێت و تەنیا بەنزینی نۆرماڵ و محەسەن هەبێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی بەنزینە سۆپەرەکان ستاندارد نین.
٪80ـی پێداویستیی بەنزین لە سێ پاڵاوگە بەرهەمدێن
بە بۆچوونی سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر، "ئەو بەنزینە نۆرماڵەی ئێستا حکومەت لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان دابەشیدەکات، کوالێتیی زۆر باشە. لەڕووی ئۆکتان، سیلڤەر، ئێم تی بی و میسانۆلەوە ستانداردن و ئەو بەنزینانە محەسەنەی لە پاڵاوگەکانی عێراقەوە هاوردە دەکرێن کوالیتییان زۆر باشە".
جەنگی مەجید گوتی: "پاڵاوگەکانی لاناز، کار و بازیان 80٪ـی پێداویستی بەنزینی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە، بەنزینی هەر سێ پاڵاوگە سیلڤەریان تێدا نییە و بە ستانداردی جیهانی بەرهەمدێن، ئەو 20٪ـەی دیکە رەنگە بەنزینخانەیەکی لابەلا بەنزینی تێکەڵە و ناستاندارد بفرۆشن، ئەگینا لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام لە شارەکاندا بەسەر بەنزینخانەکاندا دەسووڕێنەوە".
هەموو رەگەزەکانی ژینگەی هەرێمی کوردستان "پیسبوون"
رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگە و راگەیاندن لە دەستەی ژینگە رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان پیسبوونی هەموو رەگەزەکانی ژینگە، واتا هەوا، خاک، ئاو و جۆرەکانی دیکەی پیسبوون هەیە. یەک لە هۆکارەکان بۆ زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە پیسبوونی هەوایە کە هۆکارەکانی پیسبوونی هەواش چوار رێگەی سەرەکین".
زیاتر روونیدەکاتەوە: "ژمارەی پاڵاوگەکان، ژمارەی کارگەکان، ژمارەی موەلیدەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل چوار هۆکارە سەرەکییەکەی پیسبوونی هەوان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بەم سووتەمەنییە کوالیتی نزمەی کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت. هەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی موەلیدە بەهۆی ئەوەیە کارەبای 24 کاژێری نییە و هاوکات بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی نەبوونی گواستنەوەی گشتییە".
وەزارەتی دارایی وەڵامی دەستەی ژینگە ناداتەوە
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگە و راگەیاندن دەڵێت فەرمانگەکەیان سەرچاوەی داهاتە بۆ حکومەت، بەڵام کاتێک پێویستییان بە خەرجکردنی پارەیەکە بۆپ پرۆژەیەکی ژینگەیی، وەزارەتی دارایی وەڵامی داواکارییەکەیان ناداتەوە.
رەزاق خەیلانی دەڵیت: "ساڵی 2017 راپۆرتمان لەبارەی پیسبوونی ژینگە داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و چارەسەرەکانیشمان خستەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە، بۆ هەڵمەتی وشیارکردنەوە پلان دادەنێین و لەو پلانەدا پێویستیمان بە پۆستەرە و داوای بودجە دەکەین، بەڵام وەزارەتی دارایی تەنانەت وەڵامیشمان ناداتەوە" و دەشڵێت: "داوای پارەیەکی کەممان کردووە بۆ دروستکردنی ستۆدیۆ بۆ بەشی راگەیاندنی ژینگەکەمان، ئەوەشمان بۆ نەکراوە، لەکاتێکدا ئێمە پارە بۆ حکومەت پەیدا دەکەین، بەڵام ئەو پارە بۆ پرۆژەکانمان خەرج ناکات".
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگە و راگەیاندن: "تاوەکو ساڵی 2022 راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ژینگە لە نووسینگەی تایبەت دەکرا و پارەکەی دەچووە گیرفانی هەندێک لە خاوەن نووسینگەکان، ئێمە ئامادەییمان نیشاندا کە ئەو راپۆرتە لە فەرمانگەکانمان بکەین بەو مەرجەی 60٪ـی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی بێت و 40٪ـیشی بۆ دەستەکەمان بێت، کەچی ئەویشمان لێ راگیراوە و ناماندرێتێ".
ساڵانە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە "بەرزدەبێتەوە"
پزیشكێکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی گرێ و شێرپەنجە هۆشداری لە هەڵکشانی رێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت: "ئەو هەڵکشانە بەگێرەی بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نییە".
دكتۆر هەورۆ تەها، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی گرێ و شێرپەنجە رایگەیاند: "سێ هۆکاری سەرەکی هەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، یەکەمیان هەڵکشانی تەمەنە، هەندێک هۆکار هەن بە هۆکاری کەسی ناودەبرێن و دەشێ خۆمانیان لێ بپارێزین، وەکو جگەرە کێشان، خواردنەوە کهولییەکان و زیادکردنی کێش، بەڵام هۆکارە قورسەکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە ژینگە و کوالیتی ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەیە کە رۆژانە بەکاریاندەهێنین کە بەنزین یەک لەو پێداویستییانەیە.
بە گوتەی دکتۆر هەورۆ تەها: "هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ناتەندروستی هەیە، ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لە کوردستان ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو زیادبوون دەڕوات، بەجۆرێک لە ساڵی 2020، شەش هەزار و 200 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بۆ ساڵی 2023 ئەو ئامارە گەیشتووەتە زیاتر لە نۆ هەزار و 900 تووشبوو، ئەو زیادبوونەش لەچاو هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە".
ئەو پزیشکە هۆکارە ژینگەییەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە دەزانێت و باس لەوە دەکات کە لە زانکۆی سەلاحەدین دوای لە خوێندکاران کردووە لەسەر کوالیتی گازوایل و بەنزین لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەن و دەڵێت: "کاتێک راپۆرتەکەیان دەبینی تووشی دڵتەنگی دەبیت، ئەو بەنزین و گازوایلەی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان دەسووتێن، گازی ژەهراوی لە گەڕەکەکان بڵاودەکەنەوە. هیچ هاووڵاتییەکیش ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت".