رووداو دیجیتاڵ
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی - 122 بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی "گازی سۆپاوە" قوتابییەک لە قوتابخانەی گوندی چەقڵاوا گیانی لەدەستداوە و 7-8 قوتابیی دیکەش تەنگەنەفەس بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لەبارەی ئەوەی کە دەگوترێت مامۆستاکانی قوتابخانەکە هۆکاری مردنی قوتابییەکە بوون، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی - 122 گوتی، ئەوە کاری پۆلیسە و تاوەکو لێکۆڵینەوە نەکرێت روون نییە.
بەڵام تریفە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی لە زاری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە قسەیەکی جیاواز دەکات و دەڵێت، یەک منداڵ بووە و "منداڵەکەش لەسەر کورسیی نێو پۆلەکەی بەلادا کەوتووە و کاتێک هاوڕێکانی مامۆستاکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بردوویانەتە ئیدارە و لەوێ دوو پرخەی کردووە و کەف لە دەمی هاتووە و گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، رووداوەکە لەکاتی پشووی نێوان وانەکان بووە و لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، نازانن چی بووە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی داد پزیشکین. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگاداری ئەو حەوت منداڵەی دیکە نین کە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
منداڵەکە ناوی لەوەندە، لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە و تەمەنی 12 ساڵە. کاروان عەلی، باوکی منداڵەکە بە رووداوی راگەیاند، بەیانی خۆی نان و چای بە منداڵەکەی داوە و گۆڕیویەتی و بردوویەتیە قوتابخانە، دواتر لە نەخۆشخانەیەکەوە تەلەفۆنی بۆ کراوە کە سەردانیان بکەن، کاتێک چووەتە ئەوێ زانیویەتی کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە. لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەشیەوە گوتی، چاوەڕێی راپۆرتی داد پزیشکیی سلێمانییە.
ئەو نەخۆشخانەی لەوەندی بۆ براوە، نەخۆشخانەیەکی تایبەتە و رووداو پەیوەندیی پێوە کردن، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن و تەنیا گوتیان، "یەک منداڵیان هێناوە و ئێستاش لە نەخۆشخانەکەمان نەماوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ