پارتی و یەکێتی: کۆک بووین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دیاری بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو و دەڵێن، لەسەر سێ خاڵی سەرەکی هاوڕابوون لەنێویاندا، دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوە و لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کراون بریتی بوون لە: هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. 
 
لەدوای کۆبوونەوەکە، مەکتەب سیاسیی هەردوو حیزبەکە لەسەر سێ خاڵی سەرەکی هاوڕابوون؛ دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و لە ئاستێکی باڵادا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە بدرێت. 
 
خاڵە هاوبەشەکان بەمشێوەیە باس کراون: 
 
1. هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناخەدا لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان.
 
2. هەردوولا هاوڕا بووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین.
 
3. بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.
 
شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە، فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، عەلی حوسێن و جەعفەر ئیمنیكی. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی یەکێتی پێکهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، سەعدی پیرە، سالار سەرحەد و ئاراس ئاغا.
 

دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لە ئاستی باڵادا.
 
دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، 7ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو کە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لە پیرمام کۆبوونەوە.