رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی، بڕیاریدا، بەربژێریان بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ هەبێت و بڕیارە ئەمڕۆ ناوی بەربژێرەکان رابگەیێندرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی شوباتی 2024، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەدا کە لە بارەگەی سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە دەکرێت، ناوی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی ژمارەیەک گەورەشارەوانیی و شارەوانیی شارەکانی تورکیا رابگەیێنێت.
بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ؛ باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش بەهێزترین بەربژێرە.
ئێوارەی رۆژی شەممە 3ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری دەم پارتی، بە سەرۆکایەتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی ئەو پارتە دوای نزیکەی پێنج کاژێر کۆبوونەوە، بڕیاریاندا بەربژێریان بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەبێت. سەرباری ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دەستنیشانکردنی چەند بەربژێرێک کراوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
جەهەپە و دەم پارتی سێ جار لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی و باڵا کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بەڵام پێدەچێت جەهەپە بە مەرجەکانی دەم پارتی قایل نەبووبێت. کە بریتین لە راگەیاندنی رێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ رای گشتیی و ئاشکراکردنی سەرجەم مادە و بڕگەکانی. هەروەها داوای سەرۆکایەتیی شارەوانیی سێ شارۆچکەی ئیستەنبووڵ لە جەهەپە دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا دەم پارتی بەربژێریان لە پارێزگای بۆڵو هەبێت بۆ ئەمەش بەربژێربوونی وەلی ساچیلیک یەکلایی کرایەوە. هەروەها کۆدەنگیی بۆ بەربژێربوونی کەمال بولبول، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەنتاڵیا لە ئارادایە.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ