بەرگریی شارستانیی هەولێر: کەسێک بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلێک تووشی تەنگەنەفەسی بوو


رووداو دیجیتاڵ 

لە شەقامی 100 مەتری هەولێر، ئاگر لە هۆتێلێک کەوتەوە و بەرگریی شارستانیش دەڵێت، خەڵکێکی زۆر لەنێو هۆتێلەکە بوون و هەموویانیان رزگارکردوون و تەنیا کەسێک تووشی تەنگەنەفەسی بووە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 04-02-2023 لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر، ئاگر لە هۆتێلێک کەوتەوە و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش وردەکارییەکەی راگەیاند.
 
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکە لە ژوورێکی نهۆمی شەشەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە سێ ژووری ئەو نهۆمە و رێڕەوی نهۆمی حەوتەمی هۆتێلەکە سووتاون. ئێستا ئەفسەرەکانی بەرگریی شارستانی دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە."
 
 
سەرکەوت کاڕەش گوتی: "لەبەر ئەوەی سەرەوەی هۆتێلەکە کافتریایە، خەڵکێکی زۆر لەنێو باڵەخانەکەدا بوون و بە خۆشحاڵییەوە هەموویان رزگارکران."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی: "کەسێک لەنێو ئەسانسۆری هۆتێلەکە گیری خواردبوو، بەڵام لەلایەن هۆبەی رزگارکردنی بەرگریی شارستانی رزگارکرا. میوانێکی دیکەی هۆتێلەکەش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە تووشی تەنگەنەفەسی ببوو، گوێزرایەوە نەخۆشخانە و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە."