لە رۆژهەڵاتی کوردستان دایک و کوڕێک بەهۆی خەڵووزەوە لەنێو خێوەتدا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
دایک و کوڕێک لە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، کە لەدوای بوومەلەرزەوەکەی هەفتەی رابردووەوە لە خێوەتدا دەمانەوە، بەهۆی بەکارهێنانی خەڵووز بۆ خۆگەرمکردنەوە، گاز دەیانبات و گیان لەدەستدەدەن، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکەش دەڵێت، زیاتر لە 100 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسی نێردراونەتە نەخۆشخانە.
رۆژی شەممە 04-02-2023، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "100 کەس بەهۆی دووکەڵی سۆپا و خەڵووز لەناو خێوەتەکان تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لەو ژمارەیە دایک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا."
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "ژنێکی تەمەن 80 ساڵ و کوڕەکەی کە تەمەنی 55 ساڵ بووە، لەناو خێوەتەکەیاندا خەڵووزیان بەکارهێناوە بۆ خۆگەرمکردنەوە و بە گازی خەڵووزەکە خنکاون."
بەگوتەی رەزازادە: "لە ماوەی سێ رۆژدا 100 کەس لەناو خێوەتەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی سۆپا و خەڵووز تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون."