لە رۆژهەڵاتی کوردستان دایک و کوڕێک بەهۆی خەڵووزەوە لەنێو خێوەتدا خنکان

04-02-2023
هیدایەت جان
وێنەی چەند خێوەتێک
وێنەی چەند خێوەتێک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دایک و کوڕێک لە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، کە لەدوای بوومەلەرزەوەکەی هەفتەی رابردووەوە لە خێوەتدا دەمانەوە، بەهۆی بەکارهێنانی خەڵووز بۆ خۆگەرمکردنەوە، گاز دەیانبات و گیان لەدەستدەدەن، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکەش دەڵێت، زیاتر لە 100 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسی نێردراونەتە نەخۆشخانە.
 
رۆژی شەممە 04-02-2023، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "100 کەس بەهۆی دووکەڵی سۆپا و خەڵووز لەناو خێوەتەکان تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لەو ژمارەیە دایک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا." 
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "ژنێکی تەمەن 80 ساڵ و کوڕەکەی کە تەمەنی 55 ساڵ بووە، لەناو خێوەتەکەیاندا خەڵووزیان بەکارهێناوە بۆ خۆگەرمکردنەوە و بە گازی خەڵووزەکە خنکاون." 
 
بەگوتەی رەزازادە: "لە ماوەی سێ رۆژدا 100 کەس لەناو خێوەتەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی سۆپا و خەڵووز تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون." 

 

 
شەوی شەممە 28-01-2023، لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 روویدا و زیانی بە زیاتر لە سێ هەزار و 500 خانوو گەیاند و زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا. 
 
دوای بوومەلەرزەکە حکومەت هۆشداری بە خەڵکدا نەچنەوە ناو ماڵەکانیان و بەڕێوەبەرایەتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێش رایگەیاند، 98 هەزار کەسیان لەناو کەمپی کاتی و لە خێوەتدا حەواندووەتەوە، بەهۆی بارینی بەفر و داکشانی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی، لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ناڕەزایەتیی لە دابینکردنی گەرمکەرەوە و خۆراکی پێویست لەلایەن حکومەتەوە دەردەبرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە