میر حازم تەحسین بەگ: دەنگی ئێزدییەکانمان بە جیهان گەیاند

04-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

میر حازم تەحسین بەگ دەڵێت، لە ئەوروپا سەردانی پاپای ڤاتیکانی کردووە و دەنگی کورد و ئێزدییەکانی بەو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندووە. 
 
رۆژی شەممە 4ـی شوباتی 2023، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە، 13 رۆژە لە بەغدایە و "پەیامی ئێزدییەکانمان بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاند."
 
میری ئێزدییان دەڵێت، یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ شای بەحرەین بووە، "لەوێ نزیکەی 200 سەرکردەی ئایینیی ئامادەبوون." دواتر چووەتە رۆما و لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبووەتەوە و دەڵێت "باسی ئێزدییەکان و شنگال و کوردستانمان کرد. باسی کاک نێچیرڤانمان کرد."
 
دوای ئەوە میر تەحسین بەگ لەگەڵ شاندێکی نوێنەرانی ئێزدییان چوونەتە سویسرا و دەڵێت، لە بارەگای ئاژانسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ باسی مافەکانی مرۆڤیان کردووە.
 
رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی داعشی دژ بە کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014دا بە جینۆساید ناساند. لەو بارەیەوە، میر حازم دەڵێت، ئەو جینۆسایدەی لە ساڵی 2014 بەسەر ئێزدییەکاندا هات، "شتێکی زۆر قورس بوو و جینۆسایدەکە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە." دەشڵێت، راستە داعش نەماوە، "بەڵام لە مێشکی ئێمەدا جینۆساید بەردەوامە و بۆ ماوەی هەشت ساڵە 200 هەزار ئێزدی لە کامپەکاندا بە زستان و هاوین لەژێر چادرەکاندا دەژین."
 
میر حازم رەخنەی ئەوە دەگرێت کە تائێستا هیچ گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵنەدراوەتەوە و هیچ دادگەیەکی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش نەکراوەتەوە. دەشڵێت، تائێستا هیچ قەرەبوویەکی خەڵکی شنگال نەکراوەتەوە. میری ئێزدییان دەڵێت، هەموو ئەو پرسانەی بردووەتە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
میر حازم باس لەوەش دەکات، ئەو کاتەی لە 19ـی مانگی کانوونی دووەم چوونە ئەڵمانیا، کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کردووە و لەگەڵیدا باسی ئیزدی و کوردی کردووە. دەشڵێت، ئەوەی بۆ ئەو جێگەی سەرنج بووە، ئەوە بوو کە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەنگیان بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش داوە و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێیان راگەیێندراوە کە "ئەمە لە مێژووی پەرلەمانی ئەڵمانیادا نەبووە. 726 ئەندام پەرلەمان دەنگیان لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان دا."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ماناییە [ناڕاستییە] و بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

منداڵێک لە رۆژئاوای کوردستان نەخۆشیی سکماکی هەیە و رێگەنادرێت خۆراکی بۆ هاوردە بکرێت

هاونیشتمانییەکی خەڵکی قامشلوی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، منداڵەکەی نەخۆشییەکی سکماکی هەیە و خۆراکی لە باشووری کوردستان و سووریا دەستناکەوێت تەنیا لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رێگە بەهاوردکردنی نەدراوە.