رۆژانە 400 تۆن خاشاک لە گەرمیان کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
زبڵ و خاشاکی گەرمیان بەشێوەیەکی نازانستی لە تەنیشت گەڕەکی گردەگۆزینە و باخی هاونیشتمانییان لە کەلار، تێکەڵ بە یەکترکراوە. شارەوانیی گەرمیانیش دەیەوێت لەڕێگەی دامەزراندنی کارگەی ریسایکلینەوە، خۆی لەو کێشەیە رزگار بکات.
دورەید سەلیم، بەڕێوبەری ژینگەی گەرمیان لەسەر زبڵدانەکە قسە بۆ تیمی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێ "ئێمە، وەک چاودێر بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە ئەم جۆرە فڕێدانە شێوازێکی نازانستییە، ئەم شێوازەش بەهیچ شيوەیەک پێیناگوترێ لاندفیڵ (زبڵدان) ئەمە پێدەگوترێت خۆ قوتارکردن، بۆ ئەوەی خۆت لە پاشماوەکان رزگار بکەی. ئەمە هیچ شێوازێکی زانستی نییە".
شارەوانیی گەرمیان 100 دۆنم زەوی ئامادە دەکات، بۆ هەر کۆمپانیایەک بییەوێت کارگەی ریسایکلین لە گەرمیان دابمەزرێنێت.
بەرزان فایەق، سەرۆکی لیژنەی خۆڵ و خاشاک لە شارەوانیی گەرمیان باس لەوە دەکات لەساڵی 2015ـەوە هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە پرۆژەی ریسایکلین لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دروست بکات و دەشڵێ "ئێمە لە 2021 نووسراومان کردووە بۆ دابینکردنی 100 دۆنم زەوی بەردەڵان".
رۆژانە 170 ئامێر و 600 ژینگەپارێز، زیاتر لە 400 تۆن زبڵ و خاشاک لە گەرمیان کۆدەکەنەوە و بەخۆڵ دایدەپۆشن.
جگە لە گەرمیان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەش بەهەمان شێواز زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دەکرێتە ژێر خۆڵەوە.
ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێز لە پارێزگای هەڵەبجە هەوڵیانداوە کارگەیەکی ریسایکلین بهێننە پارێزگاکە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی رۆتینەوە نەیانتوانیوە و دەستبەرداری هەوڵەکانیان بوون. ئەمەش لەکاتێکدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، رۆژانە 186 ژینگە پارێز و 46 ئامێر، 110 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە و بە خۆڵ، دایدەپۆشن.
جوتیار عەزیز، سەرۆکی رێکخراوی گەڵا سەوزەکان بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێ "لەناوبردنی پاشەڕۆ بەم شيوازە، لە سەداسەد مەترسیدارە، دەبێتە هۆی گۆڕینی پێکهاتەی خاکەکە، پیسکردنی ئاوی ژێر زەوی و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی، گەشەکردنی ڤایرۆس و بەکتریا لەسەر ئەم ژینگەیە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ئەم شيوازە بەردەوام بێت و پێویستە بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکرێتەوە".