رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە زیاتر لە 200 تۆن خۆڵ و خاشاک لە کەرکووک فڕێدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە شارەکە شوێنێکی تایبەت بە کۆکردنەوە و لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک نییە. هاوکات نزیکەی هەزار و 500 تۆن زبڵ لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکانی کەرکووک کەڵەکەبووە.
ئەحمەد عەبد، کرێکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە پاشماوەکان جیادەکەینەوە، کارتۆن بە جیا و پلاستیک و قوتووەکان بە جیا، دواتر بژێویی ژیانی پێ پەیدا دەکەین. خەڵکانێک هەیە دێن و زبڵخانەکە دەسووتێنن، بەڵام ئێمە تا پێمان بکرێت دەیخەینە ژێر زەوی و لەنێو ئەو دۆڵە ونی دەکەین."
خۆڵ و خاشاک زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووکی تەنیوە، پێشتر کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەرکی خاوێنکردنەوەی شارەکەی لە ئەستۆ بوو، بەڵام پارەیەکی زۆری کەوتە لای ئیدارەی کەرکووک و ناچاربوو دەست لە کارکردن هەڵبگرێت.
خالید شینکی، خاوەنی کۆمپانیای خاوێنکردنەوە دەڵێت، "لە ساڵەکانی 2016-2017 تاوەکو ئەمڕۆ 15 ملیار دینارمان لەلای حکومەتی عێراقە کە پارێزگاری کەرکووک بەرپرسە لەو پارەیە و هیچمان بۆ ناکات و هیچمان وەرنەگرتووە، دەیان نووسراومان بۆ بەغدا کردووە و سوودی نەبووە."
پێنج ساڵە هەوڵدەدرێت چەمی خاسە لە کەرکووک بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پاشماوە و ئاوەڕۆی شارەکە.
بوجەی خاوێنکردنەوەی یەک ساڵی کەرکووک 200 ملیۆن دینارە، ئەمەش وایکردووە 70٪ـی کارمەندانی شارەوانی کارنەکەن و خۆڵ و خاشاکی رۆژانەش هەر کەڵەکە ببێت.
فەرەیدوون زەنگەنە، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "پارەی ئێمە هێندە کەمە نە کەس گرێبەستی پێدەکات و نە کارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارەیە جێگر نییە، مانگ هەیە ناینێرن و جاری واش هەیە هەر دەبڕدێت، بۆیە ئێمە ناتوانین بەو پارەیە لە سەدا یەکی شار پاکبکەینەوە."
ئەو خۆڵ و خاشاکەی لەنێو گەڕەکانی کەرکووک کەڵەکە بووە، بە هەزار و 500 تۆن دەخەمڵێندرێت، بەشێکیان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەمێننەوە و بەشێکی دیکەشی دەسووتێندرێت و ئەمەش بۆن و ژینگەی شارەکەی پیسکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ