پشکەکانی کۆمپانیای مێتا بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەروەها ژمارەی بەکاربەرانی فەیسبووکیش کەمیکردووە. 
 
کۆمپانیای مێتا، رێوشوێنە نوێیەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ پێشخستنی شەفافییەتی زیاتر لەکاتی بەکارهێنانی ئەپەکان لەلایەن بەکاربەرانەوە، بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دادەنێت. هەروەها ئاماژەی بە رکابەریی توندی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و رایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی بەکاربەرانی تیک تۆک، هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی بەکاربەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.
 
بڕوا کەمال، شارەزای بواری ئایتییە و بە رووداوی گوت، "لە چارەگی چوارمی ساڵی 2021، فەیسبووک کەمبوونەوەیەکی لەڕووی بەرکارهێنەرانی بەخۆیەوە بینی، کەمتر بەکارهێنەری زیادی دەکرد. ئەوانەی کە خاوەنی پشکی فەیسبووک بوون کۆمەڵێک گومانیان بۆ دروست بوو، ئەوەش وایکرد کە هەندێکیان پشکەکانیان هەرزانتر بفرۆشن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەو پشکانە نرخەکانیان زیاتر دابەزێت و بگاتە نزیکەی 24٪."   
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای مێتا، ژمارەی بەکاربەرانی رۆژانەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو بەراورد بە چارەکی سێیەم لە 1 ملیار و 930 ملیۆن کەسەوە دابەزیوە بۆ 1 ملیار و 929 ملیۆن کەس. کۆمپانیاکە دەڵێت ژمارەی بەکاربەرانی مانگانەشی 2 ملیار و 910 ملیۆن کەس بووە کە لە چارەکی چوارەمدا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و زیاد نەبووە.
 
کۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی چواری ساڵی 2021 دا سیستەمێکی نوێی ( ئای ئۆ ئێس)ـی خستەڕوو، ئەو سیستەمەی کە ئامێری مۆبایلی ئایفۆن کاری پێدەکات. لە سیستەمی نوێی ئای ئۆ ئێس دا، کۆمپانیای ئەپڵ ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە لە ئەپڵ ستۆر داونلۆد دەکرێن ناچارکردووە لەکاتی بەکارهێنانیان لەلایەن بەکاربەرانەوە پرسیاریان لێبکات ئایا؛  "رازیت کە داتای تاکەکەسیت لەلایەن ئەپڵیکەیشنەکەوە کۆبکرێتەوە و بەکاربهێنرێت یان نا؟". ئەوە بووتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەپەکان پێش ئەوەی لەلایەن بەکاربەرانەوە بەکاربهێنرێن داوای رەزامەندیی بەکاربەران بکەن سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییە تاکەکەسییەکانیان.
 
بڕوا کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵئاوسانێکی ئابووریی لە جیهاندا هەیە، ئەوەش وایکردووە کە ئەوانەی خاوەن رێکلامن، کەمتر رێکلام بکەن لە پلاتفۆڕمەکان. رێژەی قازانج کەمبووەتەوە ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کەمتر پارە پەیدا بکەن و پشکەکانی ئەوانیش داببەزێت، هۆکارێکی دیکەش کە فەیسبووک باسیکردووە ئەوەیە کە خەڵک زیاتر تیک تۆک بەرکار دەهێنن."
 
کۆمپانیای مێتا رایگەیاندووە کە پێشبینیدەکات لەم چارەگەدا داهاتەکانی لەڕێگەی رێکلام کەمبێتەوە، بەهۆی ئەو رکابەرییە تووندەی کە لەلایەن تیکتۆک و یوتیوب رووبەڕووی بووەتەوە.
 
دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای مێتا بەڕێژەی نزیکەی 21٪ بووە هۆکار بۆ ئەوەی کە کۆمپانیاکە بەتەنیا لە رۆژێکدا 200 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوێت. دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای فەیسبووک هەروەها تەشەنەی کردە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک تویتەر، پینترێست، سناپ چات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.