ڤایبەر وەک یەکەم ئەپلیکەیشنی نامەناردن، زمانی کوردیی زیادکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەپلیکەیشنی ڤایبەر بە زمانی کوردیی شێوەزاری سۆرانی بەردەست دەبێت، کۆمپانیاکەش دەڵێت، بەهاوکاریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمـە و بۆ ئەو بەکارهێنەرانەیە سیستەمی ئەندرۆید بەکاردەهێنن.
ڤایبەر، یەکێک لە بەرنامەکان بۆ پەیوەندیی بێبەرامبەر. ئەمڕۆ پێنجشەممەش بەفەرمی زیادکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نوێ بۆ کارپێکردنی ڤایبەر راگەیێندا. کۆمپانیاکە دەڵێت، "ڤایبەر یەکەم ئەپلیکەیشنی نامە ناردنە کە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی وەک زمانی کارپێکردنی، زیابکات".
فەرەح سوهەیلی، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای ڤایبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان دڵخۆشن بە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەر لە هەرێمی کوردستان کە رۆژانە ئەپلیکەیشنەکە بەکاردەهێنن. هاوکات لەگەڵ زۆربوونی بەکارهێنەرانی ڤایبەر بۆ ناردنی نامە، پەیوەندی، بەدەست خستنی هەواڵ و زانیاری، "پێویستی دەکرد بە لابردنی هەر بەربەستێکی زمان و چالاککردنی زمانی کوردی بۆ بەکارهێنانی ڤایبەر بۆ بەکارهێنەران کە هەست بە ئاسوودەیی بکەن لەگەڵیدا".
هاوکاریی کۆڕەک تیلیکۆم
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی کۆمپانیای ڤایبەر ئاماژەی بەوەشکرد، "بوونی ڤایبەر بە زمانی کوردی دەبێتە هۆکارێکی گرنگ کە بەرنامەکە زیاتر لەلایەن بەکارهێنەرانەوە لە تەواوی ناوچەکەدا بەردەست بێت بۆ بەکارهێنان... هەنگاوەکەش بە هاوکاریی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە یەکەمین کۆمپانیای پەیوەندی کردنی کوردییە لە عێراق و گەورەترین کارپێکەری هەرێمە ئەنجام دراوە".
ئانا زامنسکایا، بەرپرسی باڵای گەشەکردنی ڤایبەر راکوتن لە لێدوانێکیدا لەسەر دەستپێکردنی زمانی کوردی دەڵێت "ڤایبەر لە ئێستادا بە 41 زمانی جیاواز بەردەستە و زیادکردنی زمانی کوردی، هەر بەربەستێکی زمانی کە لە رابردوودا هەبووبێت لادەدات و یارمەتی بەکارهێنەرانی ئێمە لە کوردستان دەدات بە شێوەیەک لە توانای بەکارهێنانی ڤایبەردا بن و هەست بە ئەندامیی و سرووشتی خۆیان بکەن. ئەنجامدانی ئەم کارە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆڕەک تیلیکۆم و زانیاری و شارەزایی ناوخۆیی پێویستی بۆ پرۆژەکە زیاد کرد و ئێمە بە خۆشحاڵییەوە پەرۆشین لە داهاتوودا لەگەڵ کۆڕەک لە چەندین پرۆژەدا هاوکاربین کە بەها بۆ بەکارهێنەرە کوردەکانمان زیاد بکەن".
لەبارەی هاوکاری لەگەڵ ڤایبەر، مازن سیروان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی بوونی زمانی کوردی لە فەزای دیجیتاڵدا و بە پەرۆشەوە هاوکاری ڤایبەر دەکەین وەک یەکەم بەرنامەی نامە ناردن بۆ خستنەگەڕی زمانی کوردی وەک زمانی بەرنامەیەک. ئێستا بەکارهێنەرانی زمانی کوردی دەتوانن بە ئاسودەیی ڤایبەر بە زمانی دایکیان بەکاربهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاترکردنی ئەزموونی بەکارهێنانی بەرنامەکە بە گشتی".
ناوەڕۆکی زیادکردنی زمانی کوردیی شێوەزاری سۆرانی
ڤایبەر دەڵێت، "ئەو بنکە بەهێزەی بەکارهێنەران کە ڤایبەر هەیەتی لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەڕێژی ڤایبەر بۆ وەبەرهێنان لە دابینکردنی ئەزموونێکی نایاب بۆ بەکارهێنەران و هەبوونی ناوەڕۆکێک کە گونجاو بێت لەگەڵ شووناسی بەکارهێنەرەکە".
جگە لە دەستپێکردنی زمانی کوردی وەک زمانی کارپێکردن، "ڤایبەر لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە کوردییەکانی کاردەکات بۆ ئەوەی لە سەر پلاتفۆرمەکە بوونی ناوەڕۆکێکی باش بە زمانی کوردی مسۆگەر بکات". ئاتاناس رایکۆڤ، بەڕێوەبەری باڵای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە راکوتن ڤایبەر دەڵێت: "تیشک خستنە سەر کلیلی ڤایبەر ئەوەیە کە زانیاریی ناوخۆیی بەسوود و کوالێتی بەرز لەناو بەرنامەکەدا پێشکەش بکات، بۆ نموونە ناوەڕۆکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەی فەرمیمان دەستپێکرد بۆ ئاسانکاری لە گەیاندنی زانیاری دروست و ساخکراوەی راستی لەبارەی COVID - 19 و بارودۆخی ئەو هەرێمە. ئێمە بە بەردەوامی بە زمانی کوردی پاکەتی ستیکەردابین دەکەین کە پەیوەندی بە کولتوور و دابونەریتی بەکارهێنەران هەیە و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوکارە بازرگانییەکانی دیکە کار دەکەین، لەوانە کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردن و کارتێکەران و دەزگاکانی راگەیاندن بۆ دابینکردنی ئەو ناوەڕۆکەی کە لە کوردستان پێویستی و بەرژەوەندی بەکارهێنەرانمان دابین دەکات".
پێویستە بەکارهێنەران دڵنیابن لەوەی کە نوێترین ڤێرژنی ڤایبەریان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن زمانی بەرنامەکە بگۆڕن بۆ کوردی.
چۆن زمانی ڤایبەرەکەی دەگۆڕیت بۆ کوردی لە سیستەمی ئەندرۆید:
- ڤایبەر بکەرەوە، کلیک لەسەر More بکە.
- بچۆ سەر Settings، پاشان General هەڵبژێرە.
- کلیک لەسەر Language بکە و کوردی دەستنیشان بکە.
دەربارەی راکوتن ڤایبەر کە کۆمپانیای ڤایبەر بڵاویکردووەتەوە:
لە راکوتن ڤایبەر، ئێمە خەڵک بەیەک دەگەیێنین، گرنگ نییە ئەوانە کێن، یان خەڵکی کوێن. بنکەی بەکارهێنەری جیهانیمان دەستگەیشتنی هەیە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی وەک نامە ناردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێک، پەیوەندی ڤیدیۆیی، نامەناردن بە گرووپ و نوێکردنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ براندە دڵخوازەکانیان و کەسایەتییە ناودارەکان. بەکارهێنەرانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ژینگەیەکی ئارام و ئازادیان هەیە بۆ ئەوەی هەست و سۆزی خۆیان هاوبەشی بکەن.
راکوتن ڤایبەر، بەشێکە لە کۆمپانیای راکوتن کە پێشەنگە لە جیهان لە بازرگانی و خزمەتگوزاری دارایی. هەروەها کەناڵی پەیوەندیی فەرمییە بۆ یانەی بەرشلۆنه و هەروەها بەرنامەی فەرمیی نامە و پەیوەندی تەلەفۆنییە بۆ گۆڵدن ستەیت واریۆرز.