سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای چاکسازی واژۆکرد

رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای چاکسازیی واژۆکرد و رایگەیاند، ئه‌م یاسایه‌ مايه‌ى سه‌رنج و تێڕوانینی چین و توێژه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ بووه،‌ بۆیه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ فه‌رمی گه‌یشتووەته‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش راده‌سپێرێت تا له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینيی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بكات و پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مانى بكات.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی واژۆکردنی یاسای چاکسازی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئه‌م یاسایه‌ مايه‌ى سه‌رنج و تێڕوانینی چین و توێژه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ بووه،‌ بۆیه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ فه‌رمی گه‌یشتووەته‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، شاره‌زایان و پسپۆڕان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، زۆر به‌ وردی تاوتوێيان كرد و لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی یاساكه به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ به‌ وردی خرانه‌ڕوو".

 

 
رۆژی 16-01-2020 پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاسای چاکسازی پەسندکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئه‌مڕۆ سێشەممە (04-02-2020) یاسای چاكسازى له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین، ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره‌ 2ی ساڵی 2020ـم واژۆ كرد كه‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران ئاماده‌یكردووه‌ و ناردوويه‌تيه‌ په‌رله‌مانى كوردستان‌ و رۆژی 16-01-2020 په‌رله‌مان په‌سه‌ندیكرد".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنایی دەداتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەدات "هه‌موولایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی ته‌واومان بۆ ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بوارى خانه‌نشینيدا‌، جه‌ختيش له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازييه‌ له‌ بوارى كارگێڕى و داراييدا. به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانيش، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی چاكسازی له‌پێناو به‌رژەوه‌ندیی گشتیی گه‌لی كوردستاندا".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان راده‌سپێرین تاوەکو پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینيی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكات و دەشڵێت "له‌م روانگه‌یه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌سپێرین تا له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینيی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكات و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانى بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك بنه‌ما و پێوه‌ری هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری تێدا بێت و مووچه‌خۆران دڵنیابكاته‌وه‌ كه‌ ئێستا و داهاتووش ماف و شایسته‌كانیان مسۆگه‌ر و پارێزراو ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ په‌یڕه‌وى جێبه‌جێكردندا ره‌چاوی ئه‌و تێبینی و پێشنیازانه‌‌ بكرێت كه‌ ده‌رباره‌ی یاساكه‌ خراونه‌ته‌ڕوو، ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنيدا ده‌رده‌كه‌ون، ده‌كرێت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و په‌یڕه‌و‌ی جێبه‌جێكردنی، چاره‌سه‌ربكرێن".
 
رۆژی دووشەممە 03-02-2020 سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، پرسی چاکسازی، ڤایرۆسی کۆرۆنا و راسپاردنی محەممەد عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتیی و پرۆژەکانی حکومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا.

 

 
بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و خۆشی سەرپەرشتی بکات. پێشتریش لەسەر دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان، حکومەت و حیزبەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان ئەنجامداوە.