رێژەی ژەهراویبوون بەهۆی ئاوی پیس لە گوندەکانی پارێزگای سنە زۆر بووە

رووداو-هەولێر

لە گوندی سەبەدلووی سەر بە شاری بانە 28 کەس بەهۆی ژەهراویبوون رەوانەی نەخۆشخانە کران کە دواتر دەرکەوت هۆکاری ژەهراویبوونەکەیان بەکارهێنانی ئاوی پیس بووە.


بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی بانە لەم بارەوە رایگەیاند: "ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی سەرزەوی پیس بووە و هەروەها ریژەی کۆلۆریش لەنێو مەخزەنی ئاوی گوندەکەدا کەم بووە".

ماوەیەک پێش ئێستا 56 کەس لە خەڵکی گوندی زاخەی سەرووی دیواندەرەش بەهۆی ژەهراویبوون سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.

بەگوێرەی ناوەندی تەندروستیی دیواندەرە هۆکاری پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی زاخەی سەروو بارانبارین و تێکەڵبوونی ئاوی دەرەوە بە مەخزەنی ئاوی گوندەکە بووە و تاوەکو ئێستاش ئاوی ئەو گوندە بە کەڵکی خواردنەوە نایەت و بە تەنکەر ئاویان بۆ دەچێت.