فازڵ میرانی بۆ رووداو: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر ناکرێت
رووداو-هەولێر
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر ناکرێت و دەشڵێت، لەسەر ئەوە وەستاوین لە بەغدا یان لە کوردستانەوە دەست بە گفتوگۆکان بکەین.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی داوای یەکێتی بۆ چەند پۆست و وەزارەتێک و گفتوگۆکردن لەبارەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە ناکەین، ئەمە شتێکی بڕاوەیە و قابیلی گفتوگۆ نییە".
سەبارەت بە وردەکاریی کاری لیژنەکانیش، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوو لیژنەی تایبەتمان هەن بۆ وردەکاری دابەشکردنی پۆستەکان؛ لیژنەی میدیایی نین، بەڵکو لیژنەی کارکردنن و مەرج نییە هەموو شتێک لە میدیا باس بکرێت. بڕیارە سیاسییەکانیش لەلایەن لیژنە تایبەتەکانەوە جێبەجێدەکرێن. ئێمە لەسەر ئەوەین لە کوردستانەوە دەستپێبکەین یان لە بەغدا، ئەگەر ئەو گرێیەمان کردەوە، کێشەکانی دیکە ئاسانتر دەبن".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان