فازڵ میرانی بۆ رووداو: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر ناکرێت

04-02-2019
گۆڤەند مستەفا
"دوو لیژنەی پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکان دەکەن"
"دوو لیژنەی پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکان دەکەن"
نیشانەکردن فازڵ میرانی کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر ناکرێت و دەشڵێت، لەسەر ئەوە وەستاوین لە بەغدا یان لە کوردستانەوە دەست بە گفتوگۆکان بکەین.


فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی داوای یەکێتی بۆ چەند پۆست و وەزارەتێک و گفتوگۆکردن لەبارەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە ناکەین، ئەمە شتێکی بڕاوەیە و قابیلی گفتوگۆ نییە".

سەبارەت بە وردەکاریی کاری لیژنەکانیش، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوو لیژنەی تایبەتمان هەن بۆ وردەکاری دابەشکردنی پۆستەکان؛ لیژنەی میدیایی نین، بەڵکو لیژنەی کارکردنن و مەرج نییە هەموو شتێک لە میدیا باس بکرێت. بڕیارە سیاسییەکانیش لەلایەن لیژنە تایبەتەکانەوە جێبەجێدەکرێن. ئێمە لەسەر ئەوەین لە کوردستانەوە دەستپێبکەین یان لە بەغدا، ئەگەر ئەو گرێیەمان کردەوە، کێشەکانی دیکە ئاسانتر دەبن".

فازڵ میرانی جارێکی دیکە روونکردنەوەی لەسەر ئەو لێدوانەیدا، کە لەمیانی هەڤپەیڤینێک گوتبووی قوباد تاڵەبانی نیوەی هی یەکێتی و نیوەکەی دیکەی هی پارتییە و گوتی: "نامەوێت لاپەڕەکان هەڵبدەمەوە. من بە نیەتێکی پاک گوتبووم کاک قوباد نیوەی هی یەکێتی و نیوەی هی پارتییە. من نەمگووتووە قوباد تەنزیمە و ئەندامی حیزبە. قوباد لەوە گەورەترە بچین تەنزیمی بکەین. ئەو کوڕی مام جەلالە و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێمەیە. ئێستاش دەڵێم ئەگەر ببێتەوە بە جێگری سەرۆکوەزیران نیوەی دەبێتە هی ئێمە، چونکە نیوەی حکومەت هی ئێمەیە، ئەمە قسەیەکی وا نییە، ناکرێت مرۆڤ لەیەک بە بیانوو بێت، بەڵام برادەران بە بیانوو لێیان وەرگرتووە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە. هاوکات من نامەوێت ببمە کێشەیەک لەو نێوانەدا".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە