داوا دەكرێت مام جەلال بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كاندید بكرێت
رووداو- هەولێر
دەسەڵاتی دادوەری عێراق داوا لە حكومەتی عێراق دەكات جەلال تاڵەبانی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كاندید بكات، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێت "بۆمان روون نەبووتەوە عێراق چەند كاندیدی بۆ خەڵاتی نۆبڵ دەبێت".
بەپێی نووسراوێكی فەرمی دادوەر میدحەت مەحموود، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری فیدراڵی عێراق كە رۆژی 12-1-2016 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی كردووە، داوا دەكات جەلال تاڵەبانی، سەرۆككۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ خەڵاتی جیهانی نۆبڵ لەبواری ئاشتی كاندید بكات.
فەرهاد قادر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "هەواڵەكەیان لەڕێگەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری فیدراڵی عێراقەوە بیستووە. پێشمان وایە پێشنیازێكی دروست و شایستەیە و مام جەلال بەو رۆڵە میانگریی و ئاشتیخوازەی لە عێراق هەیبووە شایستەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە".
فەرهاد قادر گوتیشی "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە سەر ئەو بنەمایە داوایان كردووە كە مام جەلال بۆ ئەو خەڵاتە كاندید بكرێت كە لە دوای ساڵی 2013 رۆڵی گەورەی لە ئاشتەوای سیاسی و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی عێراق هەبوو.
مەرجەعی شیعەكان ناسناوی سەمام ئەمانی عێراقیان پێبەخشی بوو. جگەلەوەش كەسایەتییەكی نێودەوڵەتییە".
داواكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ كاندیدكردنی تاڵەبانی بۆ ئەو خەڵاتە لەكاتێكدایە رۆژی 5-1-2016 وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق نادیە موراد، كچە كوردی ئێزدی كە لەدەست چەكدارانی داعش رزگاری بووە بۆ ئەو خەڵاتە كاندید كرد،.هەروەها باس لە كاندیدكردنی ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی بۆ ئەو خەڵاتە دەكرێت كە گریانەكەی لە نێو پەرلەمانی عێراق دەنگدانەوەی گەورەی لە جیهان هەبوو.
سەبارەت بە یەكلابوونەوەی یەكێك لەو سێ كەسە وەكو تاكە كاندیدی عێراق بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئاشتی فەرهاد قادر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "بۆ منیش روون نییە كێ كاندیدی عێراقە بەڵام لەدەسەڵاتی حكومەتی عێراق دایە كەسایەتییەك بۆ ئەو خەڵاتە كاندید بكات".
تاڵەبانی كێیە؟
مام جەلال كوڕی شێخ حیسامەدین كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غەفووری تاڵەبانییە. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی كەلكانی قەدپاڵی چیای كۆسرەت لەدایك بووە.
یەكەمین دەركەوتنی توانا و لێهاتوویی تاڵەبانی لە تەمەنی 12 ساڵی بووە كاتێك لە ساڵی 1945 ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، تاڵەبانی بەشداری تێدا كرد و وتارێكی خوێندەوە و بووە مایەی سەرسوڕمانی مامۆستا و بەشداربووان.
لەساڵی 1948 بووەتە ئەندامی پارتی و لە كۆنگرەی دووەمی ئەو حیزبە لەساڵی 1951 بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.
لە شوباتی 1953 سەرپەشتی هەردوو كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستانی كردووە و بە سكرتێری ئەو رێكخراوە هەڵبژێردراوە. جگە لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە چەمی رەزان لە سەروەختی شۆڕشی ئەیلول، تاڵەبانی سەرۆكی ئەو لیژنە كوردییەش بووە كە ساڵی 1963 چووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەوكاتی عێراق.
لە 1ی حوزەیرانی 1975 لە دیمەشق یەكێتی نیشتمانی راگەیاند و وەكو كەسێكی تەوافوقی لە نێوان سێ باڵەكەی یەكێتی بە سكرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا. لە 6 نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی بەدەستهێنا و بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراق دەستنیشان كرا. لە 11/11/2010 دووبارە بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.