ئاسایشی سلێمانی: لە هەر شوێنێک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ببینین، دەستی بەسەردا دەگرین
رووداو دیجیتاڵ
بریاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە هەر شوێنێک بیانبینن، دەستیان بەسەردا دەگرن.
بە گوتەی بەرپرسێک لە ئاسایشی سلێمانی کە قسەی بۆ رووداو کرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە گۆڕانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا هاتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بڕیارەکە بەو جۆرە بوو کە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکان بکەونە خاڵی پشکنینی تیمەکانیانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڵام "لەمەودوا لەهەر شوێنێک بیانبینین، دەستیان بەسەردا دەگرین".
بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەک کە بۆ رووداو نێردراوە، لە سەرکارێزی سلێمانی، ئۆتۆمبێلێكی ئاسایش لێپێچینەوە لە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا دەکات، لەکاتێکدا هیچ تیمێک دانەنراوە و ئەو ئۆتۆمبێلەی ئاسایش لە گەڕانی شەوانەیدا ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکەی بینیوە و رایگرتووە.
2ی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی ئەمنیی سلێمانی رایگەیاند، ئیدی رێگەنادەن ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بسوڕێتەوە و دەستیان بەسەردا دەگرن.