پێشبینی دوو شەپۆلی باران لە نێوەڕاستی ئەم مانگە دەکرێت

04-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان باس لە ئەگەری نمەباران لە رۆژانی داهاتوودا دەکەن. کەشناسێکیش دەڵێت، لە نێوەڕاستی ئەم مانگە دوو شەپۆلی بەفر و باران روو لە ناوچەکەمان دەکەن. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2025، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین سبەی شەو و رۆژی سێشەممە، بارانی کەم و مامناوەند بەشێوەی پچڕ پچڕ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت و پلەی گەرماش تا رادەیەک دابەزێت."
 
کەشناسی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "سبەی ئاسمان ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لەو ناوچە شاخاوییانە."
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "ئەگەری بارینی نمەباران هەیە کە زیاتر ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و رەنگە بە کەمی بگاتە سەنتەری شارەکان."
 
محەممەد کەمال دەشڵێت: "دوو شەپۆلی بەفر و بارانبارینی باش بۆ رۆژانی 11 و 12، هەروەها 15 و 16ـی ئەم مانگە بەڕێوەن، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاری هەیە؛ بۆیە ناتوانین پشتی پێببەستین."
 
هەر ئەمڕۆ د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەم هەفتەیە بڕە بارانێکی ئەوتۆ نابارێت، بۆیە هیوای پەڵەدان بەدی ناکەین. ئەوەی دڵخۆشکەرە ئەو دوو شەپۆلەیە کە پێشبینی دەکرێت لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا بگاتە ناوچەکانمان."
 
د. شاخەوان حەمەسەعید گوتی: "ئەگەر ئەو دوو شەپۆلە چاوەڕوانکراوە نەگەن و تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە بارانی پەڵە نەبارێت، هیوای جووتیاران زۆر بۆ چاندنی گەنم و پەڵەدان زۆر کەم دەبێت. ئەو جووتیارانەش کە پشت بە باران دەبەستن و گەنمیان چاندووە، یان بێبەرهەم دەبن یانیش بڕی بەرهەمەکەیان زۆر کەم دەبێت."
 
بەشێوەیەکی زانستی، ئەگەر خاکی کشتوکاڵیی بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ بوو ئەوا ئەو زەوییە پەڵەی داوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتمان داوەتە بەغدا بۆ بڕینەوەی مووچە بۆیان

نیڤشکانانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لە 150 هەزار دینار تێپەڕناکات و چاوەڕێی هاوتاکردنی مووچەکانیانن لەگەڵ مووچەی نیڤشکانانی عێراق. بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵیان بۆ هاوتاکردنی مووچەی نیڤشکانان داوە و چاوەڕێی حکومەتی عێراقن.