بەلەمێک لە دەریاچەی حەمرین وەرگەڕا و کچێک بێسەروشوێنە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەلەمێک لە دەریاچەی حەمرین وەرگەڕا، کچێک کەوتە نێو ئاوەکە و تاوەکو ئێستا دەرنەهێندراوەتەوە و بێسەروشوێنە.
 
عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئەمڕۆ شەممە 04-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ خێزانێکی هەشت کەسی بۆ گەشتوگوزار چوونەتە دەریاچەی حەمرین، سەرکەوتوونەتە نێو بەلەمێک و دواتر بەلەمەکە وەرگەڕاوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتی، ئەندامانی خێزانەکە هەموویان رزگار کراون، تەنیا یەکێکیان نەبێت کەوتووەتە نێو دەریاچەکە و نەتوانراوە رزگار بکرێت.
 
بە گوتەی عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، ئەو هاووڵاتییەی رزگار نەکراوە، کچە و قوتابیی پۆلی شەشی ئامادەییە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا گەڕان لەنێو دەریاچەکە بەدوای ئەو هاووڵاتییەدا بەردەوامە.
 
دەریاچەی حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالەیە.