رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر و دهۆک بەتایبەتی لەنێوان بەرداشی کەمبارانی و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق تایبەت بە وەرگرتنی گەنمدان. بەگوێرەی شارەزایان و لایەنی پەیوەندیدار، خەریکە وادەی چاندنی گەنم کۆتایی دێت و هێشتا لە هەولێر و دهۆک پەڵەی نەداوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی بڕی بارانی باریو لە هەولێر و دهۆک، بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ کەمتر دەبێت. حکومەتی عێراقیش بڕیاری داوە بەراورد بە پار، بڕێکی کەمتر گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەو بڕیارە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بڕیارێکی گشتگیرە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
لەبارەی کاتی چاندنی گەنمیش، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە کشتوکاڵی هەولێر هۆشداری لە نزیکبوونەوەی تەواوبوونی کاتی چاندن دەدات.
لە هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن دۆنم زەوی، گەنمی تێدا دەچێندرێت
هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی ئامار و پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 04-01-2025 بە رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو بڕە بارانبارینە بێت کە تاوەکو ئێستا لە سنووری هەولێر و دهۆک باریوە، بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ زۆر کەمتر دەبێت لە پار، چونکە تاوەکو ئێستا لەو دوو پارێزگایە پەڵەی نەداوە."
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "نزیکەی 3 بۆ 3.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵیمان بۆ چاندنی گەنم و جۆ هەیە. پار نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی عێراق وەرگیرا، بەڵام ئەوە ئاماری فەرمیی بڕی بەرهەمی گەنم نییە، چونکە ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لەو بڕەی لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئاماری کۆی بەرهەمی گەنممان لانییە، لەبەر ئەوەی بەشێکی جووتیاران گەنمەکانیان بە شێوەی دیکە دەفرۆشن."
کشتوکاڵی عێراق: بڕی وەرگرتنی گەنممان لە هەموو پارێزگاکان بۆ نزیکەی نیوە کەم کردووەتەوە
بەڕێوەبەری بەشی ئامار و پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "پار عێراق زیاتر لە 7 ملیۆن تۆن گەنمی وەرگرت کە لەو بڕە 700 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو؛ بەڵام بڕیارە ئەم ساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن وەربگرێت، ئەوەش بەو واتایە دێت، ئەگەر باران ببارێت و بەرهەممان باش بێت، بڕێکی زۆری گەنمی جووتیاران دەمێنێتەوە."
هەر ئەمڕۆ، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ئەم ساڵ تەنیا بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتیشی، "هۆکاری کەمکردنەوەی بڕەکەش بەشێوەیەکی سەرەکیی پەیوەندیی بە کەمیی بودجەوە هەیە. سایلۆکانیشمان کۆنن و بەم دواییانە گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی کراوە کە سایلۆکان نوێ بکەنەوە. ئەوە جگە لەوەی کە بڕیاریش لە دروستکردنی چەند سایلۆیەکی دیکە دراوە و بۆ ساڵی داهاتوو تەواو دەبن."
"تا مانگی دوو باران نەبارێت، بەرهەمی گەنم بۆ کەمتر لە نیوە دادەبەزێت"
د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "باران سەرچاوەی یەکەمی بەرهەمی گەنمە. ئەم وەرزە تاوەکو ئەمڕۆ بڕی بارانبارین لە هەولێر و دهۆک باش نەبووە و تاوەکو نیوەی ئەم مانگەش دەرفەت بۆ جووتیاران ماوە. ئەگەر بڕێکی باش باران نەبارێت و بکەوینە مانگی دوو، ئەوا بڕی بەرهەمی گەنم بۆ نیوە یان کەمتر دادەبەزێت."
ئەو بەڕێوەبەرەی بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، "بۆ بەرهەمێکی باشی گەنم لەو زەوییانەی پشت بە ئاوی باران دەبەستن، تاکە پێوەر بڕی بارانبارین نییە، بەڵکو شێوازی دابەشبوونی کاتی بارانبارینە. بۆنموونە، کۆتاییەکانی مانگی یانزە، سەرەتاکانی مانگی دوانزە و سەرەتای مانگی یەک باشترین کاتی بارانبارینن بۆ گەنم کە بەداخەوە لە هەولێر و دهۆک بەپێی پێویست باران نەبووە."
چ کاتێک پەڵە دەدات؟
جووتیاران پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە 'ئەوەندە باران باری بێت کە لەکاتی کێڵانی زەوی دا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت."
بەشێوە زانستییەکەشی واتە 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕ ببێت.'
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەڕواتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات، بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەو کاتە خاک زۆرینەی باراناوەکە هەڵدەمژێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ