رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی لیوای کۆماندۆی داقووق کۆبوونەوە، یەکێکیان دەڵێت، ''ئەمجارە سنوورێکمان بۆ دانان و داوامان کرد ئەو ئەفسەرانە لە ناوچەکە دوور بخرێنەوە کە کێشە بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکەن.''
ئەمڕۆ (شەممە 04-01-2025) کەریم شکور و دیلان غەفوور، دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق دژی مامەڵەی خراپ لەگەڵ جووتیارانی کورد، سەردانی لیوای کۆماندۆیان لە داقووق کرد. کەریم شکور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانەکەیان رایگەیاند، ''بۆ لێکۆڵینەوە و قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە لەم سنوورەدا روودەدەن، هاتووین.''
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا، ''گرفتی سەرەکی، کێشەی زەویی خەڵکی ئەم سنوورەیە، ئێمە لە پەرلەمان لە هەوڵی ئەوەداین هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵوەشێندرێنەوە، بەڵام بەداخەوە بەتایبەتی لە سنووری حەفتەغار، کۆمەڵێک گوند هەن کە رۆژانە کێشەی جووتیاران تێیاندا دووبارە دەبێتەوە.''
زیاتر لە 8 مانگە پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی کورد و تورکمان لە کەرکووک کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان سەندرابوو، لە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکنەکەوتوون و دەنگی لەسەر نەدراوە.
کەریم شکور ئەوەشی خستەڕوو، ''ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەرفەتمان زانی بێینە سنووری داقووق و لەگەڵ فەرماندەی لیواکە کۆببینەوە کە لە خوارەوەی فەوجەکان و یەکە سەربازییەکان، کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن و هەندێک جاریش بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە، لە کێشەکاندا لایەنگری دەکەن.''
زۆرینەی ئەو زەوییانەی کەرکووک بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە. خاوەنە رەسەنەکانی پارچە زەوییەکان کورد و تورکمانن، بەڵام عەرەبی هاوردە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەیان قەرەبوو کراونەتەوە، دەست لە زەوییەکان هەڵناگرن و ناوە ناوە کێشە بۆ خاوەنە رەسەنەکان دەنێنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، ''بە فەرماندەی لیوای کۆماندۆمان لە داقووق گوتووە؛ ئەم کێشانە قبووڵ ناکەین و بەم شێوەیە نابێت دووبارە ببنەوە، تاوەکو هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی ئەم سنوورە، دەبێت بێلایەنانە مامەڵە بکەن. ئەگەر جارێکی دیکە (کێشە) رووبداتەوە، هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.''
بەگوتەی کەریم شکور فەرماندەی لیوای کۆماندۆ لە داقووق بەباشی وەڵامی داونەتەوە، دەڵێ ئەو ''گوتی 'ئەوە قبووڵ ناکەم'، تەنانەت بڕیاری لەسەر ئەوەش دا چەند کەسێک لەوێ بگوێزرێنەوە کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ جووتیارانی کورد دا کردووە و جیاکارییان لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان دا کردووە.''
15ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە بڕیاری دادوەری دادگەی داقووق، سێ جووتیاری کورد بە ناوەکانی خالید نەوزاد هیدایەت، سامان نەوزاد هیدایەت و محەممەد نەجات هیدایەت کە دووانیان بران و سێیەمیشیان ئامۆزایانە، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ حوکمیان بەسەردا سەپێندرا.
دادگاییکردنەکە دوای ئەوە هات کە عەرەبی هاوردە هەڵیانکوتایە سەر زەویوزاری جووتیاران لە سنووری حەفتەغار و جووتیارانی کوردیش پارێزگارییان لە خاکەکەیان کردبوو.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ''لەمەودوا نەک دەستگیرکردنی جووتیاران دەوەستێندرێت، بەڵکو رێککەوتنێک هەیە و پێمان گوتوون دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێندرێنەوە، کار بە رێککەوتنەکە بکەن.''
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، کاریان تێدا ناکرێت تاوەکو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە هەڵدەوەشێندرێنەوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە سەردانی ماڵی سێ جووتیارە دەستگیرکراوەکانیان کرد لە سنووری داقووق.
دیلان غەفوور لەوبارەوە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''ئەمڕۆ سەردانیکردنمان بۆ لای ئەم خێزانە بۆ ئەوەیە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەوان و هەموو جووتیارانی سنوورەکە دەرببڕین، هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان بە بەردەوامی لەگەڵ بەغدا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر هێڵ دەبین.''
گوتیشی، بڕیاری دادگە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو سێ جووتیارە بڕیاری کۆتایی نییە و هێشتا قۆناخی تێهەڵچوونەوەی ماوە، ''هیوادارین دادگە لە تێهەڵچوونەوەدا بتوانێت بڕیارێکی دروست بدات، لەبەرئەوەی سیناریۆ و بەڵگەکان هەمووی دروستکراون و بەمشێوەیە نەبووە کە [عەرەبی هاوردە] پیشانیان داوە.''
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ فەرماندەی لیوای کۆماندۆ لە داقووق ئاماژەی بەوە کرد، ''رێککەوتین جارێ کار لەسەر زەوییە کێشەلەسەرەکان نەکرێت و داوامان کرد چەند ئەفسەرێک کە لە ناوچەکەدا لایەنگری دەکەن، بگوێزرێنەوە و کەسانێک بێنە شوێنیان کە تێگەیشتنیان بۆ خەڵکەکە هەبێت.''
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، جیا لەو سێ جووتیارەی حەفتەغار، لە دوو رۆژی رابردوودا چوار جووتیاری دیکەش دەستگیرکراون و بەگشتی جووتیاران ناتوانن لەسەر زەوییەکانیان کار بکەن. دیلان غەفوور جەختی لەوە کردەوە، ''ئەمجارە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لیوای کۆماندۆ سنوورێکمان بۆ داناون کە لەمەودوا بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی کورد نەکەن.''
زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک داگیرکراوە و بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە. ئەو زەوییانە هێشتا موڵکدارییان یەکلانەکراوەتەوە، کە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس دا داگیرکراوە.
زۆرینەى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکەونە قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندیی کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا، لەیلان، داقووق، تازە و بەشیر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ