قایمقامی میهران: رۆژانە 20 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکەمانەوە هاتووچۆ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری میهرانی سنووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، رۆژانە 20 هەزار کەس لە رێگەی دەروازە سنووریی میهرانەوە لەنێوان ئێران و عێراقدا هاتووچۆ دەکەن.
 
عەلی عەباس شەفیعی، قایمقامی شاری میهران بە میدیای ئێرانی راگەیاند، دەروازەی سنووریی میهران پێگەیەکی گرنگی داوەتە شارەکە، لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە ساڵانە بایی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکرێت.
 
بە گوتەی شەفیعی، رۆژانە لەنێوان 400 تاوەکو 600 بارهەڵگر کاڵا بۆ دەروازەی سنووریی میهران دەگوازنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت دەروازەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە جەمسەرێکی ئابووری و بەو هۆیەوە هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێت.
 
قایمقامی شاری میهران ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دوو بەنداوی گەورە لە سنووری شارەکە دروست دەکرێن، کە بەو هۆیەوە 13 هەزار هێکتار لە زەویی سنووری شارەکە دەبێتە بەراو و هەلی کار 3000 کەسیش دەڕەخسێت.
 
رۆژانە 20 هەزار کەس لە رێگەی دەروازە سنووریی میهرانەوە لەنێوان ئێران و عێراقدا هاتووچۆ دەکەن؛ هەروەها ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە هەمان سنوورەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق دەکەن، ئەمەش وەکو قایمقامی شاری میهران خستیەڕوو.
 
دەروازەی سنووریی میهران کەوتووەتە 85 کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام، کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن و یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.