دایکی دوو دەستگیرکراوی کەرکووک: هاوردەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی کوڕەکانم داوای 150 دۆنم دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە سێ گەنج لە سنووری حەفتەغار دەستگیرکراون و لە چەند رۆژی رابردووش بە بڕیاری دادگای داقوق، سزای زیندانیکردنی دوو ساڵیان بەسەر دا سەپێندرا.
خالید و سامان بران و محەمەدیش ئامۆزایانە و خەڵکی سنووری حەفتەغارن. لەسەر ئەوەی رێگریان لەهاتنی هاوردەکان کردبوو دەستگیرکرابوون.
بەستێ عەبدولکەریم، دایکی دوو لەو دەستگیرکراوانەیە و دەڵێت، لەسەر سکاڵای هاوردەکان بە شاهێدی سەرباز و ئەفسەری سوپا، تۆمەتی ئەوەیان بەسەردا سەپێندراوە، گوایە هێرشیان کردووەتە سەر عەرەبی هاوردە.
بەستێ عەبدولکەریم باس لەوەکات، هاوردەکان لەبەرامبەر لێخۆشبوون لەکوڕەکانیان داوای 150دۆنم زەوی دەکەن.
دایکی ئەو دوو دەستگیرکراوەکە دەڵێت، "بەخۆڕایی و لەسەر مافی خۆمان غەدرمان لێدەکەن. دەسەڵاتمان نەماوە با بێن بارمان بکەن و رزگارمان بێت لەدەست ئەم عەرەبانە. ئەمە حاڵ نییە، ئەمە چەند جارە ئاوامان لێدەکەن."
شاندێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی لەسەر ئەو کێشانە و سزادانی جووتیارانی کورد سەردانی لیوای کۆماندۆیان کرد و لەگەڵ فەرماندەی سوپاکە کۆبوونەوە.
دواتر شاندەکە سەردانی کەسوکاری دەستگیرکراوەکانیان کرد و پێیان گوتن، "داوامان کردووە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی لایەنگری دەکەن لەم سنوورە لاببرێن."
مەلا کەریم شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، "ماوەیەکە خەڵکی سنوورەکە هەست دەکات سوپا بووەتە گوشار، بۆ ئەوەی جووتیارە کوردەکان نەتوانن زەوی خۆیان بکێڵن. لەم رۆژانەی دوواییشدا لە 15-12، سێ جووتیاری کورد لێرە لە حەفتەغار سزای یاسایی دران. ئەوان دەڵێن، سەربازەکانی لیوای سوپای ئەم سنوورە هاتوون شاهێدیان لەسەر داون."
جووتیارانی کورد لەناوچەکە دەڵێن، "ئەو هێزەی لەسنورەکەیە بە ئاشکرا لایەنگری هاوردەکان دەکەن."
عومەر محەممەد، لە سنووری حەفتەغار جووتیارە و باس لەوە دەکات، "ئەم سوپایەی ئێستا لێرەیە، سوپای دیجلە، چەند ساڵە ئێمە نەمانهێشتووە هاوردەکان زەوییەکان بکێڵن و بە رێککەوتن لەگەڵ کشتوکاڵ و قایمقام و پۆلیس، بەڵام ئەم ساڵ رێککەوتنەکەیان شکاند."
ئەو هێزانەی لەسنووری حەفتەغارن سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدینن، بۆیە زۆر کات کە بڕیارێک لەپارێزگا یان فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکەوە دەردەچێت ئەوان پابەند نابن.