لەسەر سکاڵای فیرقەیەکی سوپا 26 جووتیار و هاونیشتمانیی گوندێکی کەرکووک دادگایی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
حەوت ساڵە سوپای عێراق چاوی بڕیوەتە سەر زەوی کورد و تورکمانانی گوندی تۆپزاوا، رۆژی یەکشەممە لەسەر سکاڵای فیرقەی 8، 26 جووتیار و هاونیشتمانی بانگهێشتی دادگەی کەرکووک دەکرێن.
ئەگەرچی تاپۆی زەوییەکان بەناوی کورد و تورکمانە، سوپا دەیەوێت لە هەنگاوی یەکەمدا دەست بەسەر 200 دۆنم زەویدا بگرێت.
غازی ئەحەمەد، خەڵکی تۆپزاوایە و باس لەوە دەکات، "ئەمە سەرەتایە و دەیەوێت قۆناخ بە قۆناخ زەوییەکان ببات، ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو بێت دەچێتە سەر کۆمەڵە زەوییەکی دیکە، ئێمە لەوە تێناگەین سوپا زەوی ئێمەی بۆ چیە، ئەگەر بڵێن سەربازگە بووە، ئێرە قەت سەربازگە نەبووە و تاپۆی ڕەشمان هەیە کە ئەوە دەسەلمێنێت، بەخوا من ساڵی 1987، منداڵ بووم ئێرە پەرسیل بوو، ئاژەڵمان لێرە دەلەوەڕاند."
ئەگەر سوپای عێراق ئەم هەنگاوەی بۆ بچێتە سەر، سکاڵا لەسەر 55 پارچە زەوی دیکەش تۆمار دەکات، نزیکەی 15 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە کە زەوییەکان بەشێکیان خانووی لەسەر درووستکراوە و بەشەکەی دیکەیشی کشتوکاڵی لەسەر دەکرێت.
ساتح ناسیح، خەڵکی تۆپزاوایە و ئاماژە بەوە دەکات، "16 بۆ 17 کەس لەوانەی لە دادگا داواکراون هاونیشتمانی سڤیلن و جووتیار نین، تەنیا خانوویان لە تۆپزاوا کردووە، لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی کێشەکە ئێمە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەین و خێوەت هەڵدەدەین؛ تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکەمان چارەسەر دەبێت و داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت."
سوپای عێراق دەیەوێت لەسەر ئەو زەوییانەی موڵکی خەڵک و جووتیارانی کورد و تورکمان، سەربازگە و یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ سەرباز و ئەفسەرەکانی دروست بکات، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری گەڕانەوەی زەوییەکانی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق دەرکرد. سوپا دەیەوێت بڕیارەکە لە کەرکووکیش بەبێ ڕەچاوکردنی مادەی 140 جێبەجێ بکات.