ژنێک لە سنە لەلایەن پیاوێکەوە دەسووتێندرێت؛ 'چەند جارێک خوازبێنیی کردبوو'

 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە شاری سنە گیانی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پیاوێک ئاگری لە دووکانەکەی بەردابوو.
 
ئەمڕۆ شەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025 هاونیشتمانییەک لە شاری سنەوە بە رووداوی راگەیاند، "ژنێکی تەمەن 27 ساڵ بەناوی غەزالە حدودی، ئێوارەی رۆژی هەینی گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025 لەلایەن پیاوێکەوە ئاگر لە دووکانەکەی بەردرا."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو پیاوە چەند جارێک داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لە غەزالە کردبوو، ئەویش رەتی کردبووەوە. پیاوەکەش رۆژی پێنجشەممە چووەتە دووکانی غەزالە، کە بەرگدروو بووە و بەنزینی بە دووکانەکەیدا کردووە و ئاگری تێبەرداوە."
 
هاونیشتمانییەکە باسی لەوەش کرد، "بەهۆی ئاگرەکەوە 60%ی جەستەی غەزالە سووتابوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئێوارەی هەینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، "غەزالە کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، ناوی ئەو کەسەی بە باوکی گوتووە کە ئەو کارەی کردووە و ئەویش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە."
 
غەزالە تەمەنی 27 ساڵ بوو و لە هاوژینی پێشووی جیاببوەوە.