رووداو دیجیتاڵ
نووسینی ناوی هونەرمەند حەسەن زیرەک وەکو خاوەنی ئاوازی کلیپە نوێیەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس کێشەی بۆ دوو گەنجی سلێمانی دروستکردووە، چونکە خاوەنی ئاوازەکە هونەرمەندێکی عەرەبە نەک حەسەن زیرەک.
هونەرمەندی ناسراوی تورکیا و جیهان، ئیبراهیم تاتڵیسەس گۆرانیی نازدار نازداری بە ناوی دەڤامکە (بە کوردی مانای بەردەوام بە) گوتەوە و رۆژی 2-1-2024 لەلایەن پۆڵ پرۆدەکشن لە پلاتفۆرمەکاندا بڵاوکرایەوە. ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، لە کلیپەکەدا ئاوازی گۆرانییەکە بە ناوی هونەرمەند حەسەن زیرەک نووسراوە. لەکاتێکدا هونەرمەندی عەرەب 'تاهیر عوجەیلی' خاوەنی ئاوازەکەیە.
تاهیر عوجەیلی هەر ئەو کەسەشە کە بۆ یەکەمین جار گۆرانییەکەی بە ناوی 'رەفەت رەفەت' گوتووە.
بەهۆی ئەوەی دوو گەنجی خەڵکی سلێمانی بە ناوەکانی زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم گۆرانییەکەیان لەڕێی ژیریی دەستکردەوە خستە سەر دەنگی حەسەن زیرەک، لە میدیاکانی تورکیادا وا بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو ئاوازە لە شەستەکاندا لەلایەن حەسەن زیرەکەوە گوتراوە.
بەگوێرەی گوتەکانی زرنگ مەهدی بۆ رووداو، دوای ئەوەی کلیپەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس بڵاوکرایەوە، تاهیر عوجەیلی پەیوەندیی پێوە کردووە و تۆمەتباری کردووە.
زرنگ مەهدی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە گوتی، "هەروەک ئاگادارن لەم چەند رۆژەی دواییدا ئیبراهیم تاتڵیسەس گۆرانییەکی تازەی بەناوی 'دەڤامکە' بڵاوکردەوە. لە کلیپەکەشیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئاوازەکەی لە حەسەن زیرەک وەرگرتووە. دوای بڵاوبوونەوەی کلیپەکە تاهیر عوجەیلی، خاوەن گۆرانیی رەفەت رەفەت نامەی بۆ من نارد و پێیڕاگەیاندم کە سکاڵای یاسایی لە دژم تۆمارکردووە. بە گوتەی ئەو من ناتوانم سەردانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بکەم کە ئەگەر راستیش بکات گرنگ نییە بەلامەوە".
سەبارەت بە هۆکاری ئەو هەنگاوەی گۆرانیبێژە عەرەبەکە زرنگ مەهدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاهیر عوجەیلی وا تێگەیشتووە کە ئێمە ئاوازەکەمان بە هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس فرۆشتووە". رەتیشیکردەوە کارێکی وەهای کردبێت و گوتی، "بیانووی سکاڵاکەی ئەوەیە کە گوایە ئاوازی نازدار نازدار کە لە رەفەت رەفەت وەرگیراوە و من فرۆشتوومەتەوە. لەوانەیە مەبەستی گۆرانییەکەی ئیبراهیم تاتڵیسەس بێت یان هەر گۆرانییەکی دیکە. من بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم بابەتە نیم و ئەو ئاوازەم نەفرۆشتووەتەوە".
زرنگ مەهدی هەروەها دەڵێت، تاهیر عوجەیلی گوتوویەتی لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ئاوازە لە هەموو گۆرانییەکدا لادەدرێت و پێشیگوتووە کە ئەگەر بڕواتە وڵاتانی ئیمارات، کوەیت، قەتەر، میسر، لوبنان، بەحرەین و چەند وڵاتێکی دیکە، راستەوخۆ دەستگیردەکرێت. چونکە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە. ئەو هونەرمەندە عەرەبە هەروەها دەڵێت، لە هیچ شوێنێک رێگە بە هیچ کەسێک نادات، ئاوازەکەی بەکاربهێنن و بڵاوی بکەنەوە.
گۆرانیی نازدار نازدار چۆن بەرهەمهات؟
بەرهەمی نازدار نازدار بە دەنگی هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک لەڕێی ژیریی دەستکرد لەلایەن زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم رۆژی 11-5-2023 بەرهەمهێندرا، لە ماوەیەکی کورتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوادا هات. ئاوازی گۆرانییەکە لە گۆرانیی "رەفەت رەفەت" وەرگیراوە کە لەلایەن تاهیر عوجەیلی بە زمانی عەرەبی گوتراوە.
بەدەر لەوەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاوبووەوە، پێش ئیبراهیم تاتڵیسەس بە زمانی تورکیش چەند گۆرانیبێژێکی تورکیا گوتیانەوە. بە جۆرێک بەشێک لە میدیای تورکیا هەواڵیان لەبارەی گۆرانییەکەی حەسەن زیرەک بڵاوکردەوە. میدیای تورکیا بە هەڵەداچوو و وەهای بڵاوکردەوە کە گوایە ئەو گۆرانییە عەرەبییە لە ساڵانی 1960ـەکاندا لەلایەن حەسەن زیرەک گوتراوە و هونەرمەندە عەرەبەکە بردوویەتی. ئەمە بەشێک بوو لە هۆکاری دروستبوونی کێشە لە نێوان گۆرانیبیژە عەرەبەکە و ئەو دوو گەنجە کوردەی گۆرانییەکەیان بە ژیریی دەستکرد ئامادەکرد.
سەرەتای کێشەکە
زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم کاتێک بەرهەمەکەیان بڵاوکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یوتیوب، سناپ چات، ئینستاگرام و ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی فەرمی و بە بەڵگەی خاوەندارییەوە بڵاویانکردووەتەوە. زرنگ مەهدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاهیر عوجەیلی سەرەتا لە یوتیوب ریپۆرتی لە ڤیدیۆکە دا. ئێمەش کە بینیمان پەیوەندیمان پێوەکرد. چونکە یوتیوب ماوەی حەوت رۆژ مۆڵەت دەدات، ئەگەر ریپۆرتەکە نەکشێندرێتەوە، لە هەموو پلاتفۆرمەکاندا ڤیدیۆکە دەسڕدرێتەوە".
تاهیر عوجەیلی: گوتوویانە ئاوازەکە لە حەسەن زیرەک دزراوە
لەبارەی هۆکاری ریپۆرت لێدانەکە زرنگ گوتی، "سەرەتا تاهیر عوجەیلی گوتی، درۆی بەدەمەوە کراوە. ئەو باسی ئەو بابەتەی دەکرد کە کوردی باکووری کوردستان دەڵێن گۆرانییە عەرەبییەکە لە حەسەن زیرەک دزراوە. بێگومان عوجەیلی راستدەکات و ئەو هەواڵە نادروستە بڵاوبووەتەوە. جا ئێمە پێمان گوت کە هیچ رۆڵیکمان لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نییە، بەڵکو ئەمە خەڵک بڵاویکردووەتەوە".
زرنگ مەهدی: عوجەیلی داوای پارەی زۆری کرد و دواجار ریپۆرتی لە بەرهەمەکەمان دا
سەبارەت بەوەی ئاخۆ چی بکەن تا گۆرانیبیژە عەرەبەکە ئەو ریپۆرتە لابدات، زرنگ مەهدی گوتی، "سەرەتا داوای لێکردین لەژێر گۆرانییەکە ئاماژە بەوە بکەین کە تاهیر عوجەیلی ئاوازدانەری گۆرانییەکەیە. من گوتم ئامادەم ئەو کارە بکەم. دواتر قسەکەی گۆڕی و داوای کرد لە ڤیدیۆیەکدا باس لەوە بکەین کە میلۆدییەکەی ئەومان وەرگرتووە. ئێمە بەمەش رازی بووین، لەکاتێکدا میلۆدییەکەی ئەومان راستەوخۆ بەکارنەهێنابوو. بەڵکو بیرۆکەمان لێوەرگرتبوو و گۆڕانکاریشمان تێیدا کردبوو".
زرنگ مەهدی دەڵێت، ڤیدیۆکەشیان تۆمارکردووە و بۆ تاهیر عوجەیلییان ناردووە، بەڵام ئەو گۆرانیبێژە بەوەش رازی نەبووە و ئەوجارە داوای 30 هەزار دۆلاری کردووە. دواتر داوای 10 هەزار دۆلاری کردووە، بەڵام زرنگ و هاوڕێکەی گوتوویانە کە تەنیا دەتوانن رێژەیەکی دیاریکراو لە داهاتی گۆرانییەکەی پێ بدەن.
زرنگ مەهدی و ئەحمەد کەریم دەڵێن، "تاهیر عوجەیلی بە ناشرینی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردین و تەلەفۆنی بەسەردا دادەخستینەوە. ئەوە بوو دواتر حەوت رۆژ تێپەڕی و دواتریش بەرهەمەکە لە پلاتفۆرمەکاندا سڕایەوە".
رووداو پەیوەندیی بە تاهیر عوجەیلییەوە کرد
رووداو پەیوەندیی بە تاهیر عوجەیلی، گۆرانیبێژی عەرەبەوە کرد کە خاوەن گۆرانیی "رەفەت رەفەت"ـە. بەڵام ئەو هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
گۆرانیی "نازدار نازدار" کە بە دەنگی حەسەن زیرەک و لەڕێی ژیریی دەستکردەوە کەوتە بەر گوێی هاونیشتمانیان، لە ماوەیەکی کورتدا بە خێرایی بڵاوبووەوە. لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە گشتی سەروو 70 ملیۆن بینەری هەبوو. لە فەیسبووک، ئینستاگرام و سناپ چات چووە تۆپ 1ی ترێندی عێراق. هەروەها لە یوتیوب میوزیک چووە تۆپ 2ی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ