هەناردەکردنی کەلوپەل لە گومرکی مهابادەوە بۆ 8 ملیۆن دۆلار دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گومرکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابڕدوودا هەناردەکرنی کەلوپەل لە رێگەی گومرکی مهابادەوە بە رێژەی 20٪ دابەزیوە و بۆ 8.3 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-01-2024، ئەحمەد ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گومرکی مهاباد رایگەیاند، لە ماوەی 8 مانگدا واتە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-11-2023، بایی هەشت ملیۆن و 312 هەزار دۆلار کەلوپەل لە رێگەی ئەو گومرکەوە هەناردەکراوە.
 
ئەحمەد ئەحمەدی گوتی، زیاتر لە 90٪ی کەلوپەلەکان هەناردەی عێراق کراون و زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی کە لە رێگەی ئەو گومرەکەوە هەناردە کراون بریتین لە "بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، مافوور و تایت".
 
بەگوتەی ئەحمەدی، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار قەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی گومرکی مهابادەوە 20٪ کەمبووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گومرکی مهاباد هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ماوەی هەشت مانگی رابڕدوودا هەزار و 618 مۆڵەتی دەرچوونی کاتیی ئۆتۆمبێل لەو گومرکە دەرکراوە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 25٪ زیادیکردووە.
 
ئەحمەد ئەحمەدی دەڵێت، لە ماوەی هەشت مانگدا بە بەهای نزیکەی 360 هەزار دۆلار کەلوپەلی قاچاخ لە گومرکی مهاباد دەستی بەسەردا گیراوە کە بەراورد بە پار بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە. گوتیشی، زۆرترین کەلوپەلی قاچاخ کە دەستی بەسەردا گیراوە، لاستیک، قوماش و جلوبەرگ، کەرەستەی ناوماڵ و ئامێرە کارەباییەکانن.