رووداو دیجیتاڵ
درۆنی موراد، لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی 2017 بەرهەم هاتووە، ناوە راستەقینەکەی (میعراجە)، ئەو درۆنە بۆمبڕێژ دەکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت پێنج کیلۆگرام تەقەمەنیش لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت.
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕی نێوانیان، هەندێ گرووپی چەکداری دیکە بەشداریی خۆیان لە شەڕەکەدا راگەیاند و پاڵپشتی حەماسیان کرد، لەوانە گرووپێکی چەکداری شیعییە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا "ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی" دەکرێن.
ئەو گرووپە تائێستا، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە و زۆرینەی هێرشەکانی لەڕێگەی درۆنەوە بووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو درۆنەی لە هێرشەکاندا بەکاردێت، درۆنی موراد (میعراج)ـە کە دروستکراوی ئێرانە، چەندین جۆری هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا زۆر بەکاردێت، موراد4، موراد5، موراد6 ـە، ئەو درۆنە لە ئەیلوولی ساڵی 2017 تاقیکرایەوە و بەکارهێنرا.
درۆنی موراد درۆنێکی بۆمبڕێژکراوە، کێشەکەی 33 کیلۆگرامە، خێراییەکەی 140 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. درێژییەکەی 1.60 مەترە و پانییەکەشی 2.2 مەترە.
درۆنەکە لەسەر سەکۆی هاوێشتنی رۆکێت ئاراستەی ئامانجەکەی دەکرێت. تایبەتمەندیی دیکەی درۆنەکە ئەوەیە کە دەتوانێت 12,000 پێ بەرز ببێتەوە و سێ کاژێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە، توانای هەڵگرتنی 5 کیلۆ تەقەمەنی هەیە. تەنیا بۆ هێرش بەکارنایەت بەڵکو وەکو درۆنی چاودێرشی بەکاردەهێندرێت.
ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەو هێرشانەی سەر هێزەکانیان پێشانداوە و شەوی رابردوو، ماتیو میللەر بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، ئەوان دوودڵ نابن لە هەموو وەڵامێکی ئەو گرووپانە و بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.
پیشووتریش بەرپرسانی کۆشکی سپی بەردەوام گوتوویانە کە وەڵامی هەر هێرشێکی سەر هێزەکانیان دەدەنەوە و بارەگەی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەنە ئامانج کە دەبنە مەترسی لەسەریان.
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 04-01-2024، بارەگەیەکی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا بۆردوومانکرا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند. بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و ئەو کارە "هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی" و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە.
بەهۆی بۆردوومانەکەی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبییەوە فەرماندەیەکی ئەو هێزە بە ناوی ئەبو تەقوا سەعیدی، جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ