پەنابەرێکی دهۆکی لە ماڵەکەی خۆیدا لە یۆنان "بە چەقۆ کوژرا"

04-01-2024
ناسر عەلی
وێنەی ئەو پەنابەرە کوردەی لە یۆنان بە چەقۆ کوژرا
وێنەی ئەو پەنابەرە کوردەی لە یۆنان بە چەقۆ کوژرا
نیشانەکردن یۆنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری سالۆنیکی یۆنان تەرمی پەنابەرێک لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە. ئەو کەسەی کاری وەرگێڕانی بۆ پۆلیس کردووە بە رووداوی گوت "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، کوردە و خەڵکی دهۆکە" پەنابەرێکی دیکەی کورد لە هەمان شار دەڵێ "ئەو کەسە بە چەقۆ کوژراوە."
 
تەرمی پەنابەرە کوردەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-1-2024) لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە. دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتوونەتە ماڵەکە، تەرمەکەیان بۆ بەشی پۆلیسی شارەکە گواستووەتەوە.
 
وەرگێڕە کوردەکەی پۆلیسی یۆنان، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ زانیاریمان پێگەیشت، پیاوێکی کورد لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە، دواتر پۆلیسی یۆنان بانگی منیان کرد بۆ ئەوەی وەرگێڕان بۆ رووداوەکە بکەم."
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەرگێڕە "ئەو کەسەی گیانی لەدەستدابوو، ناوی شەمسەدین مزوورییە، دوو ساڵ بووە لە یۆنان ژیاوە، مۆڵەتی مانەوەی لەو وڵاتەدا هەبووە. شەمسەدین تەمەنی 47 ساڵ بووە و پێش ساڵی 2014 ماڵی لە موسڵ بووە، باوکی مردووشۆر بووە و کەسێکی ناسراو بووە."
 
لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی یۆنان دەرکەوتووە؛ شەمسەدین دایک و باوکی لەژیاندا نەماون، خوشک و برای هەن و لە دهۆک نیشتەجێن. هەروەها دەڵێ "زۆر هەوڵمدا زانیاری لە پۆلیس وەرگرم لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو پەنابەرە کوردە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان نەدا، تەنیا ئەوە نەبێت بەئێمەیان گوت، تەرمەکە دەخرێتە بەفرگرەوە و دەیانەوێت هاوکارییان بکەم بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکە بە دەستی کەسوکاری."
 
ئەو هاونیشتمانییە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کەسوکاری شەمسەدین هەر زانیارییەکان دەوێت، ئامادەم پێیان بدەم، هەروەها هاوکاریان بکەم لە گەڕاندنەوەی تەرمەکە.
 
ئیبراهیم رەشکانی، پەنابەرێکی دیکەی کوردە کە لە هەمان شار دەژی، بە رووداوی گوت ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە "لەنێو یاریگەیەکی تەواونەکراوی تۆپی پێدا دەژیا، ئەمڕۆ لەدوای بیستنی هەواڵەکە هەرزوو گەیشتینە ماڵەکەی، بەڵام پۆلیس رێگەی نەدا سەیری تەرمەکەشی بکەین، ئەوەندەی ئێمە دەزانین: ئەو پیاوە بە چەقۆ کوژراوە."   

 

سەردار نزیکەی ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە، دواتر بۆ یۆنان دیپۆرتکراوەتەوە بەهۆی ئەوەی مافی مانەوەی یۆنانی هەبووە. دوایین جار پێش سێ رۆژ لەگەڵ خوشکێکی قسەی کردووە و بەگوتەی کەسوکارەکەی "هیچ کێشەیەکی نەبووە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە