3 رۆژە سوپای تورکیا بۆردوومانەکانی لە چیای مەتین چڕتر کردوون

رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی رابردوودا فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا هێرشەکانیان لە چیای مەتین چڕتر کردوون و 19 جار هەر سێ گوندی سگێرێ و بەلاڤە و گوهەرزێیان لە سنوورەکە بۆردوومان کردووە.
فایەق بەلاڤەیی، خەڵکی گوندی بلاڤەیە لە سنووری قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دەستپێکی سەری ساڵدا سوپای تورکیا بۆردوومانی ناوچەکەمانی چڕتر کردووەتەوە و تاوەکو ئێستاش تۆپباران لە ناوچەکەمان بەردەوامە."
هەروەها گوتی، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 16 جار بە مووشەک و سێ جار بە فڕۆکە ناوچەکەیان بۆردوومان کراوە و ئیدی وایلێهاتووە بۆردوومان لە پشتەوەی گوندەکەیان دەکرێت و نە بە شەو و نە بە رۆژ گوندنشینان ئارامیان نەماوە.
سوپای تورکیا بنکەیەکی لەسەر سۆرا سگێرێ داناوە و چەندین ئامێری بردووەتە شوێنەکە و بە ئاشکرا کارکردنی ئامێرەکانیان دەبینرێن لەو بەرزاییەوە تۆمباران و بۆردوومانەکان بەردەوامن.
لە رابردوودا چەندین جار مووشەک لەنێو گوندی بەلاڤە کەوتووەتە خوارەوە و زیان بە موڵک و سامانی هاووڵاتییان گەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.