پەرلەمانتارێک: شوانێک پێی گوتم 'ئێستاش سەگەکەم ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان دەردەکات'
نازەنین گۆران و محەممەد رەحیم
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیێنێت، "هەموو ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکراو تەواو بووە، تەنیا چەند کێشەیەکی بچووک، گەڕاندنەوەیانی دواخستووە." پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراقیش چیرۆکێک لە نووگرەسەلمانەوە دەگێڕێتەوە و دەشڵێت:"یەکێک لە هۆکارەکانی نەگەڕاندنەوەی تەرمی ئەو رووفاتانە کەمتەرخەمی پزیشکی دادی بەغدایە کە تاوەکو ئێستا پشکنینی DNAی بۆ نەکردوون."
لە مانگی ئاداری ساڵی 2019، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دۆزرانەوە و لە مانگی تەممووزی ئەو ساڵەدا هەڵدرانەوە. یەکێک لە گۆڕەکان 171 رووفاتی شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیانی تێدایە، کە 74یان منداڵ و 97یان ژن بوون.
رۆژی چوارشەممە 4-1-2022، شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کەسوکاری ئەنفالکراوان یاداشتێکیان بەرزکردووەتەوە و داوا دەکەن بە زووترین کات پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەو 171 رووفاتی ئەنفالکراوانە بکرێت، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە پزیشکی دادی بەغدا جێهێڵدراون، ئەوەش بە یاسا جێگیرکراوە، چونکە مادەیەکی دەستووری هەیە لە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015ی گۆڕبەکۆمەڵەکان کە دەڵێت، دەبێت پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ رووفاتەکان بکرێت و سامپڵی خوێنی کەسوکاریشیان وەربگیرێت.
بە گوتەی شوان محەممەد، چەند شتێک هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئەو 171 رووفاتانەن. یەکێک لەوانە کەمتەرخەمی پزیشکی دادی بەغدایە کە یەکێک لە بیانووەکانیان لایەنی مادییە و دەڵێن، تەنیا پشکنین بۆ یەک رووفات نزیکەی 700 دۆلاری دەوێت.
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 4-1-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم ئەو ئامادەکارییانەی لە ئەستۆی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانە تەواو بوون. بودجەی هێنانەوەیان تەرخانکراوە و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە دەگەڕێندرێنەوە؛ تەنانەت 171 گۆڕ لە قەزای چەمچەماڵ هەڵکەندراون، بەڵام هەندێک پەرلەمانتار و هەندێک بە ناوی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانەوە گرفتیان بۆ هێنانەوەیان دروستکردووە و لە هەوڵی چارەسەرکردنیداین."
لەبارەی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ تەرمەکان، عادل مەلا ساڵح گوتی: "بابەتی پشکنین بابەتێکی دیکەیە. هەزاران رووفات بەهەمان میکانیزمی ئێستا گەڕێندرانەتەوە هەرێمی کوردستان و پشکنینیان بۆ نەکراوە، چونکە ئەگەر پشکنین بکرێت ئەوە بودجەیەکی زۆری دەوێت و پڕۆسەیەکی درێژخایەنە؛ بۆیە ئەو رووفاتانەش بەبێ پشکنینی دی ئێن ئەی دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام داوامان کردووە پشکنینی ئێسکیان بۆ بکرێت و بۆیشیان کراوە."
شوان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆتایی تەممووزی 2019، وەکو کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گەرمیانەوە چووینە سەماوە و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبووینەوە، "عەشیرەتە عەرەبەکانی سەماوە خۆیان پێیان دەگوتین، کە ژێر خاکی سەماوە پڕە لە ئەنفالکراو."
شوان محەممەد باس لەوە دەکات لە نوگرە سەلمان شوانێکیان بینیوە و شوانەکە پێی گوتوون، "ئێوە غەدرێکی گەورە دەکەن، ئێستاش سەگەکەم ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان دەردەکات لە ژێر خاکدا، ئەوەش قورسترین شت بوو بۆ ئێمە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامنەدانی پشکنینی DNA بۆ رووفاتەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان، شوان محەممەد دەڵێت، "ئێمە و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەزانین، رووفاتەکان خەڵکی چ ناوچەیەکن."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، سەردانی بەڕێوەبەری داد پزیشکیی بەغدام کرد بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، بەهانەکانی تەواونەکردنی رێکارەکانی پشکنینی ئەو رووفاتانە لەلایەن پزیشکی دادی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق جێگەی باوەڕ نەبوون و کەمتەرخەمن لە تەواوکردنی رێکارەکانی پشکنینی DNA بۆ رووفاتەکان و کەسووکاری ئەنفالکراوان کە بەپێی یاسا دەبێت پشنکنیان بۆ بکرێت، "بەڵام دەبێت پێش هەموو شتێک رەخنە لەخۆمان بگرین."
هەروەک ئاماژە بەوەشدەکات، نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە سێ ساڵی رابردوودا لە بەرامبەر ئەو پرسە زۆر کەمتەرخەمبوون و هیچ هەنگاوێکی رژدیان نەناوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو رووفاتانە، تەنانەت ئەوکات لەگەڵ سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی کۆبووینەوە و داوامان لێکردن ئەو بابەتە چارەسەربکەن، دەشڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی هەرێمی کوردستان قسەمکرد، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لاوازترین بەڕێوەبەرایەتییە و جێگەی بەزەییە."
لەبارەی تێچووی پشکنینی DNAی رووفاتەکان، شوان محەممەد جاف ئاماژە بەوەدەکات،" بەهانەکانی پزیشکی دادی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق جێگەی باوەڕنین و خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، چونکە عێراق ساڵی رابردوو 25 تریلیۆن دیناری لە ژێر ناوی ئاسایشی خۆراکدا تەخشان و پەخشانکرا."
جیاوازی نێوان ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا، یەکێکە لەو خاڵانەی کە لەکارنامەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی هاتووە و دەبێت یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2016ی دەزگای شەهیدانی عێراق هەمووار بکرێتەوە.