یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکانن دروستدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتان ھەڕەشەیان لێکراوە و پاش چارەسەری کێشەکانیان کەسوکاریان وەریان ناگرنەوە.

رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدرامەتان راگەیاند، لە 7-11-2022 وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لەو چوارچێوەیەدا چەند یەکەک دابینبکەن بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی ھەڕەشە لێکراون و دوای چارەسەری کێشەکانیان کەسوکاریان وەریان ناگرنەوە."

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لە چوارچێوەی ئەو 20 هەزار یەکەنیشتەجێبوونەدا چەند یەکەیەکیان بۆ دابینبکرێت و دەشڵێت: "کە 20 هەزار یەکەنیشتەجێبوونەکە دروستکرا، لەسەرجەم شارەکان چەند یەکەیەک بۆ ئەوان دابین دەکرێت."

ئاریان ئەحمەد گوتیشی: "بە گوێرەی یاسا، ئەو منداڵانەی لە خانەی بێ سەرپەرشتن دوای ئەوەی تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ پێویستە خانەکەیان جێبهێڵن، بەڵام ئەوە کێشەی بۆ دروستکردوون، چونکە بەشێکیان بێ شوێن دەمێننەوە و لە شەقامەکان دەبن و ئەوەش وا دەکات دەستدرێژییان بکرێتەسەر؛ بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوان ئەوەیە تاوەکو تەمەنی 24 ساڵی و تائەو کاتەی دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن لەو یەکانە بمێننەوە."

لەبارەی ئەو ژنانەی لە شێڵتەرەکانن، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، بەشێک لەوانە دوای چارەسەری کێشەکانیان کەسوکاریان وەریان ناگرنەوە، بۆیە یەکەی تایبەت بۆ ئەوانیش دابین دەکرێت.

رۆژی 31-05-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت. ئەو 20 هەزار یەکەنیشتەجێبوونە بۆ کەسانی کەمدرامەتان دروست دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2022، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان نرخی هەر مەترێکی دووجا لە نێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت، کە ئەوەش بەگوێرەی خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕێت و قیستی یەکەکان بە 12 بۆ 15 ساڵ دەدرێتەوە.