برایەکی سێ برا کوژراوەکەی قەرەداخ لە بەرپرسیاردا: شێوازی کوشتنی سێ براکەم لە فەرمان دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، 3ی کانوونی دووەمی 2023، لە ناوچەی قەرەداخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەرمی هاونیشتمانییەک بە ناوی بورهان لەتیف تەمەن 46 ساڵ بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە. ئەو کەسە پێشتر کوژراوە و دواتر هەڵواسراوە. هەشت ساڵ لەمەوبەریش دوو برای دیکەشی لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوژران و براکەیەکی سێ قوربانییەکە دەڵێت: "هەشت ساڵە نازانین بۆچی و بەدەستی کێ کوژراون و کوژرانی برای سێیەمیش هێندەی دیکە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و نازانرێت کێ لە پشت کوشتنیان بووە".
حەسەن لەتیف، برای هەر سێ برا کوژراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2023، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لە کوژرانی هەر سێ براکەی کرد.
رۆژی 4-6-2014 ساماڵ لەتیف -ی تەمەن 24 ساڵ و شەماڵ لەتیف -ی تەمەن 26 ساڵ لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوژران. براکەیان دەڵێت: "ساماڵ لە کاژێر 07:30ی ئێوارە لە گوندی ژاڵە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرابوو. خەڵکی گوندەکە لە رێگەی موختارەوە بەهۆی ئەوەی ئەوانیان ناسیبوو ئاگاداری کردبوونەوە."
رۆژی دواتر تەرمی شەماڵیش لە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی گوندی ژاڵە دۆزرایەوە. بە گوتەی براکەیان، هەردووکیان بە گولـلە لە کەلـلە سەریان دراوە و گوتی: "شێوازی کوشتنەکەیان وەک فەرمانی کوشتن بووە واتە ئاسایی نەبووە، بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە".
حەسەن گوتیشی: "دواجار قەهاری برامان کە لە کەرکووکە، رۆژێک پێش رووداوەکە لەگەڵ شەماڵ بە تەلەفۆن قسەیان کردبوو. لە کاتی دادگەییکردندا دادوەر داوای لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردبوو بۆ دەستنیشانکردنی دوایین پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان. تەنانەت دوایین پەیوەندیی قەهاری برام لەگەڵ شەماڵ لە تۆمارەکاندا سڕابووەوە".
حەسەن گومان دەکات کوشتنی براکانی لە کوشتنێکی ئاسایی زۆر گەورەتر بێت و دەڵێت: "لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ داواکاری بەدواداچوونم کردووە، وەزارەت نووسراوی ئاراستەی پۆلیسی سلێمانی کردووە لەوێش وەڵامێکی قایلکارمان دەستنەکەوتووە. دواجار لە مانگی ئاب لە رێگەی داواکارییەکەوە کە بۆ وەزارەتی ناوخۆم بەرزکردەوە، وەزیر لیژنەیەکی پێکهێنا و لیژنەکە پرسیار و بەدواداچوونی زۆری کردووە، دواتر بانگیان کردم و چەندین پرسیاریان ئاراستە کردم و پاشان پێیان راگەیاندم کە بۆ وەرگرتنی گوتەکانمان سەردانی سلێمانی بکەین".
حەسەن رۆژی 14-12-2022 لەگەڵ جوامێری برای بۆ گوتەدان چوونەتە سلێمانی، بەڵام دوو براکەی دیکەی (بورهان و قەهار) بە گوتەی ئەو، بەهۆی ئەوەی دەوامیان هەبووە، نەیانتوانی بچنە سلێمانی، دواتر رۆژی 19ـی مانگ هەردووکیان چوون و ئیفادەیان لێ وەرگیرا. حەسەن گوتی "بورهان رۆژی 20ی مانگ دیار نەما".
حەسەن پێیوایە رەنگە بورهانی برای شتێکی لەبارەی براکانی دیکەوە زانیبێت یان درکی بە راستییەک کردبێت. گوتیشی: "دوای نەمانیشی، لە سلێمانی و دەوروبەری پەیوەندیمان بە هەموو بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش و لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆش کردووە ئەوانیش وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچ سۆراخێکی نەبووە."
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کەسوکارەکەی لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە کردوویانە، بورهان لە کارگەیەک لە تانجەرۆ هاتووەتە دەرەوە و بە ئۆتۆمبێلێکی تاوەکو فولکەی قەرەداخ هاتووە، پاشان بە تاکسییەک دەچێتە سلێمانی و ئیدی شوێنبزر بووە.
حەسەن گوتی: "بەگوێرەی تەرمەکەی بێت، بورهان دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر خنکێندراوە و شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە هەبووە. گومان دەکەم، ئەوانەی ئەم دوو برایەمیان کوشتووە، هەر ئەوانەن ئەم برایەشیان کوشتووم. نازانین بۆ چی کوژراون، بۆیە کەسوکارەکانیشمان هەڕەشەیان لەسەرە و لە گیانی خۆیان دەترسن."
باسی لەوەش کرد کە وەک چۆن هەشت ساڵ بەر لەئێستا پرسەیان بۆ هەردوو براکەیان دانەنا، پرسە بۆ ئەم برایەشیان دانانێن تاوەکو ئەو کاتەی هۆکاری رووداوەکە و لایەنی پشت کوشتنی ئەو سێ برایە ئاشکرا دەبێت.
هەر لەمبارەیەوە شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی کوردستان کە ئەویش میوانی بەرنامەی بەرپرسیار-ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، ئەوان هەر لە تانجەرۆ تاوەکو قەرەداخ و سلێمانی بەدواداچوونی زۆریان بۆ ئەم رووداوە نائاساییە کردووە. لە یەکەم رۆژی بابەتەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بوون بەتایبەتی لەگەڵ پۆلیسی سلێمانی بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی ئەو هاونیشتمانییانە.
شاخەوان رەئووف گوتی: "لایەنی ئەمنیی سلێمانی پێیانڕاگەیاندووین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانن بکوژەکان و ئەو کەسانەی لە پشت رووداوەکەدان ئاشکرا بکەن. هەندێک سەرەداویان دەستکەوتووە و ئێمەش پێمانگوتوون کە جیدین لەو بابەتە و پێمان گرنگە دۆخەکە چارەسەر بکرێت".
لەبارەی چارەنووسی لێکۆڵینەوەکانی کەیسی کوژرانی دوو برایەکەی دیکە کە هەشت ساڵ لەمەوبەر بووە، شاخەوان رەئووف گوتی: "لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی روونکردنەوەی زیاتریان پێداوین، بەڵام ئێمە سەرەتا لەسەر کەیسی یەکەم قسەمان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی دەستوبرد بکرێ بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت چۆن و کێ ئەنجامیان داوە لانیکەم بۆ ئاسوودەیی بنەماڵەکەی، ئەمە تاوانێکی گەورەیە و پێمانگوتوون ئەنجامی هەردوو کەیسەکەمان دەوێت. ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەمان کردووە و هەندێک سەرەداویشمان دەستکەوتووە".