گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: مەترسیی روودانی لافاو نییە

04-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو و، بەیانی هیچ مەترسییەکی روودانی لافاو لە هیچ شوێنێکی کوردستان نییە. دەشڵێت، لە دەڤەری گەرمیان و بەشێکی پارێزگای سلێمانی پێشبینیی بارینی بارانی زیاتر دەکرێت لە هەولێر و دهۆک.
 
شەوی چوارشەممە، 4-1-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمشەو و پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو و رۆژی پێنجشەممە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت لە چەند شوێنێکیش بەفر ببارێت، بەڵام بارانبارینی ئەمشەو و بەیانی هیچ مەترسییەکی روودانی لافاوی لێناکرێت."
 
دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پێشبینییەکانیان، چاوەڕوان دەکرێت ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی بەو شەپۆلەی بارانبارین کاریگەربن و لەو ناوچانە زیاتر باران بارێت و لە هەولێر و دهۆک کاریگەرییەکە کەمترە، بەڵام لە بەشی زۆری ناوچەکانی کوردستان باران دەبارێت و لەسەر لووتکەی شاخەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت.
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە ساڵی 2021 و 2022، چەند جارێک لە چەند ناوچەیەک بە تایبەت لە شاری هەولێر لافاو دروستبوو و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوت.
 
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەفربارینەوە، قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، لە سەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە بکرێتە پشوو.
 
ئەمڕۆ بەهۆی بارینی بارانی زۆرەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، بکاتە پشووی فەرمی و لە چەندین ناوچە و پارێزگای عێراق لافاو دروستبوو و ئاستەنگیش بۆ هاتووچۆ دروستبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دواکەوتنی مووچە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر جموجۆڵی بازاڕ دروستکردووە.

کاریگەریی نەهاتنی مووچە؛ دووکاندارێک دەڵێت ئەوەی پارەیشی هەیە ناوێرێ خەرجی بکات

بازاڕی شێخەڵڵا کە دەکەوێتە شاری هەولێر، بۆرسەی خۆراکی وشکەی هەرێمی کوردستانە، نزیکەی مانگێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کڕیار لە بازاڕەکە کەمبووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کەلوپەلی ئەو بازاڕە پێویستیی رۆژانەی خەڵکن.