برایەکی هاونیشتمانییە خنکێندراوەکەی قەرەداخ: لە 2014 دوو برای دیکەم کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
دۆزینەوە تەرمی بورهان لەتیف بە کوژراوی لە قەرەداخ، هاوشێوەی رووداوی کوشتنی دوو برای دیکەی لە 2014 پێشخۆی دێت کە یەکیان تەمەنی 22 و ئەوی دیکە 24 ساڵ بووە، تاوەکو ئێستاش هیچ تۆمەتبارێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر نەکراوە.
حەسەن لەتیف، برای کوژراوەکان بە رووداوی گوت، "لە کامێراکانی چاودێرییەوە دیارە کە براکەم سواری تەکسییەک دەبێت و بەرەو ناو شاری سلێمانی دێت و دواتر دەنگی نامێنێت، هەر ئەو رۆژە هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادارکردەوە کە دیارنەماوە، بەڵام ئێوارەی سێشەممە تەرمەکەیمان بە خنکاوی دۆزییەوە."
بەگوتەی برا گەورەکەی، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کەس نییە و ناشزانن کێ براکەی کوشتووە، بەڵام دەشڵێت، پۆلیس دوو برای خۆیانی دەستگیرکردووە و داوای لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکان دەکەن.
حەسەن لەتیف، برای کوژراوەکان باسی لەوەش کرد، ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵ هیچ بنەماڵە و هیچ کەسێکدا نەبووە بە هیچ شێوەیەک."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022دا، 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون.