رێگەی دەروازەی کێلێ لە پشدەر تێکچووە؛ "بۆ نۆژەنکردنەوەی نزیکەی سێ ملیار دینار پێویستە"

05-01-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
رێگەی دەروازەی کێلێ لە پشدەر. وێنە: رووداو
رێگەی دەروازەی کێلێ لە پشدەر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - پشدەر

رێگەی دەروازەی کێلێ لە قەزای پشدەر، بەهۆی خراپیی رێگەکە لە قەڵادزێوە بۆ گوندی دارەشمانە گرفتی بۆ دروستبووە و رووداوی هاتووچۆی زۆر تێیدا روودەدەن.
 
ئەبوبەکر هۆمەر، هاونیشتمانی بۆ کارکردن رۆژانە لەو رێگەیەوە هاتووچۆ دەکات و دەڵێت، رێگەکە هی سەردەمی حکومەتی بەعسە و لەوکاتەوە نۆژەن نەکراوەتەوە، "هەموو ئۆتۆمبێلەکانمان خراپ بوون هێندەی لەو تاسانەی بدەین، بنی [ئۆتۆمبێل] لێدەدات، داواکارین حکومەت بۆمان چاک بکات، بەڕاستی وێرانە."
 
مەڵبەند جونەت، دانیشتووی گوندی دارەشمانە دەڵێت، "پورزایەکی من ویستوویەتی بچێتە قەڵادزێ، بەهۆی خراپیی رێگەکە ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستی وەریگرتووە، وەرگەڕاوە و گیانی لەدەست دا. رێگەکە وەکو سکەی قیتاری لێهاتووە."
 
بەهۆی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە دەروازەی کێلێ، رۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگر بەو رێگەیەدا هاتووچۆ دەکەن، رووداو زانیویەتی کە داهاتی مانگانەی دەروازەکە نزیکەی پێنج ملیار دینارە.
 
ئیبراهیم وسو، شۆفێری بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکات، "رێگەی خاوێنی تێدا نییە، هەمووی کەند و قووڵە، لەو رۆژانەدا چوار ئۆتۆمبێل خۆیان پێکدا کێشاوە بەهۆی خراپیی رێگەکە، هەر رێگە نییە تاوەکو بڵێی ناخۆشە."
 
جگە لە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان، ئەو رێگەیە هاتووچۆی 10 گوندی دیکەی قەزای پشدەری لەسەرە و نزیکەی 15 کیلۆمەتر دەبێت.
 
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین دەڵێت، بۆ نۆژەنکردنەوەی هەموو رێگەکە نزیکەی سێ ملیار دینار پێویستە، "رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنی دەرخستەیەک بە بڕی 580 ملیۆن دینار بۆ ئەو شوێنانەی زۆر خراپ بوون."
 
بەپێی ئامارەکانی بەشی هاتووچۆی قەزای پشدەر، ساڵی پار  87 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، 62 رووداو بەهۆی یەک ئاراستەیی و خراپی رێگەکان لە دەرەوەی شار بوون، لەو رووداوانەشدا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە