پۆلیسی هەرێمی کوردستان: ساڵی رابردوو 455 رووداوی خۆکوشتن و کوشتن روویانداوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانیی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان، پۆلیسی دارستان، ژینگە و لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوانی لەماوەی ساڵی 2022دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و نزیکەی هەشت هەزار کەیسی فێڵکردنیش یەکلاییکراونەتەوە." 

رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی بەرێوەبەرایەتییەکەی لەماوەی ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دەست بەسەر هەزار و 373 چەکی بێمۆڵەتدا گیراوە." 

رووداو و تاوانەکان

کارزان ئەمیر گوتی: "لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمارکراون." 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 931 رووداوی دزیکردن و دوو هەزار و 576 کەیسی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هاوکات هەزار و 398 رووداوی ساختەکاری و حەوت هەزار و 991 کەیسی فێڵکردن تۆمارکراون." 

بەگوێرەی ئاماری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان: "هەزار و 156 کەس لەسەر سواڵکردن و 324 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 801 هاوسەرگیریش لە دەرەوەی دادگە تۆمارکراون." 

لەبارەی ئاماری تەقەکردن و شەڕ لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ساڵی 2022دا 212 رووداوی تەقەکردن و پێنج هەزار و 206 رووداوی هەڕەشەکردن و پێنج هەزار و 641 رووداوی شەڕکردن تۆمارکراون." 

بە گوتەی کارزان ئەمیر، پێش بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە لە مانگی حەوت، دەستبەسەر 850 چەکی بێمۆڵەتدا گیرابوو، بەڵام لەدوای بڕیارەکەوە دەستبەسەر 523 چەک دا گیراوە. تێکڕا لە ساڵی 2022 دەستبەسەر هەزار و 373 چەکی بێمۆڵەتدا گیراوە.

سەبارەت بە رووداوەکانی خۆسووتاندن لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ساڵی 2022دا بەهۆی سووتانەوە 207 کەس بوونەتە قوربانی و 86 کەس خۆیان سووتاندووە." 

پۆلیسی بەرگریی شارستانی 

کارزان ئەمیر دەڵێت: "حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و 317 هاووڵاتی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە سووتان رزگارکراون." 

بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی: "هەشت هەزار و 371 پشکنینی سەلامەتی بۆ شوێنە گشتی و بازرگانییەکان کراون و هەزار و 360 پشکنینیش بۆ فەرمانگەی میری و پرۆژەکان کراون"، هاوکات "چوار هەزار و 341 پشکنین بۆ چێشتخانەکان و هەزار و 281 پشکنین بۆ بەنزینخانەکان و دوو هەزار و 901 پشکنین بۆ نانەواخانەکان کراون." 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە: "139 رووداوی لافاو لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و 116 هاووڵاتی لە خنکان رزگارکراون و 104 تەرم دەرهێنراون و لە بەرامبەردا، کارمەندێکی بەرگریی شارستانی لەکاتی ئەرکدا گیانی لەدەستداوە و 26ی دیکەش برینداربوون." 

پۆلیسی دارستان

لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 "دەستبەسەر 85 چەک و 720 فیشەکی نایاساییدا گیراوە و هەزار و 346 سەرپێچیکار دەستگیرکراون." 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "170 داری سرووشتی بڕاونەتەوە و دەستبەسەر 162 ئامێری بیرلێدان دا گیراوە و 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان تۆمارکراون." 

بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵی 2022 "لە تاقیگەی بایۆلۆجی پشکنینی دی ئێن ئەی 30 کەیسیان یەکلایی کردووەتەوە و پشکنینی شانۆی تاوانیان بۆ 976 رووداو کردووە." 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم ئاماژەیدا: "دوو هەزار و 138 چەک کە تاوانیان پێکراوە، لە تاقیگەکانی چەکی تاوان پشکنینیان بۆکراوە و 764 کێشەی دەستنووسی ساختە یەکلایی کراونەتەوە و حەوت هەزار و 784 پەنجەمۆری تاوانباران وەرگیراون و 71 هەزار و 907 پەنجەمۆری تۆمەتباران وەرگیراون." 

زیاتر روونیدەکاتەوە: "هەزار و 535 پشکنین بۆ پەنجەمۆر کراوە و 35 هەزار و 42 فۆرمی سزادراوان رێکخراوە، نۆ هەزار و 435 فۆڕمی پێشینەی تاوان لە هۆبەی تۆماری تاوان تۆمارکراوە و وێنەی 708 تۆمەتباریش گیراوە." 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "لە هۆبەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان پشکنین بۆ 371 کەیس کراوە و یەکلایی کراونەتەوە."