رووداو دیجیتاڵ
بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە مووشەک کرایە ئامانج. گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا تویتێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ لە دەوروبەری کاژێر 09:00 بە کاتی سووریا، دوو مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کران."
لە تویتەکەدا هاتووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانیشی بە بنکە سەربازییەکە نەگەیاندووە.
وەک لە تویتەکەدا هاتووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات سەردانی ناوچەکەیان کردووە و مووشەکێکیشیان دۆزیوەتەوە کە نەتەقیبوو.
جەو بوسینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەو بارەوە گوتی: "هێرشی لەم جۆرە هێزەکانی هاوپەیمانان و هاووڵاتییانیش دەخاتە مەترسیەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی زۆر بە زەحمەت لە سووریا و ناوچەکە بەدەستهاتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ