کۆچکردن بۆ ئەوروپا بەشێکی خێزانەکانی شنگالی دابەش کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 400 خێزانی کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگال دوای هێرشی داعش پەرتەوازە بوون، ماڵ هەیە نیوەیان لە ئەڵمانیا و ئەوروپان، نیوەکەی دیکەیان لە هەرێمی کوردستانن لەناو شنگال و کامپەکاندان. 
 
خێزانێکی هەشت کەسی بەر لە دوو ساڵ ژن و مێردەکە بە فەرمی چووبوونە ئەڵمانیا، دوای حەوت مانگ مانەوەیان لەو وڵاتە بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە شنگال.
 
حازم کجۆ، خەڵکی شنگالە و دەڵێت: "ئێمە چووینە ئەڵمانیا، بەڵام هاتینەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئەڵمانیا ناخۆش بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی وڵاتی خۆمان خۆشترە. حەوت مانگ من و دایکی منداڵەکان لەوێ ماینەوە، بەڵام هاتینەوە؛ ئەگەر منداڵەکانت لە بەرچاوتدا نەبن زۆر سەختە. ئەگەر خێزان ببێتە دوو بەشەوە زۆر سەختە."
 
غەزال عەلی، خەڵکی شنگالە و دەڵێت: "دوو کوڕم لە شنگالن و ئەوانی دیکەشم گەڕاونەتەوە شنگال. ئینشائەڵڵا عێراق خۆش دەبێت."
 
ئەوانەی لە شنگال بە فەرمی و قاچاخی کۆچ دەکەن، زۆرینەیان خەڵکی شارۆچکەی گر عزێر و سنوونێ و کۆمەڵگەی بۆرکن.
 
شاهر جومەر، خوێندکارە و دەڵێت: "تەنیا من و خوشکێکم لە شنگال ماوینەتەوە. پێشتر لەم کۆڵانەدا 20 ماڵ هەبوون، ئێستا تەنیا شەش ماڵ ماونەتەوە. زۆربەی خەڵک چوونەتە دەرەوەی وڵات."
 
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی رفێنراوانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک، دوای 2014 نزیکەی 100 هەزار کوردی ئێزدی بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە و زۆربەیان بە قاچاخی چوون،
 
ميرزا بەكر، یاریدەدەری قایمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامۆزاکانی من چوونە ئەڵمانیا و ئوسترالیا و ئەمریکا. ئەوەی راستی بێت، ئێستا پەشیمانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە شنگال."
 
ساڵی 2017 لە رێگەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی لە دهۆک بە فەرمی هەزار و 88 کەس چوونەتە ئەڵمانیا کە 850 کەسیان رزگاربووی دەستی داعشن.