شۆڕش ئیسماعیل: زوڵم لە تاک بە تاکی پێشمەرگە کراوە


رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک پرسی پەیوەست بە بارودۆخی ئەمنی و سەربازی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە یاوەری ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش بەرگری لە پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبوونەوە.
 
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، زوڵمێکی زۆر لە پێشمەرگە کراوە، لە کۆبوونەوەکەشدا جەختیانکردووەتەوە لەسەر پێدانی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی عێراق که بەپێی دەستوور دیاریکراوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە 4-1-2021 بەڕێوەچوو، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر باسیان لە هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کردووە ئەوانیش چۆن وەکو پەرلەمانی عێراق "بتوانین رۆڵێکی نێوەندگیری باش بگێڕین بۆ ئەوەی ئەو هاوئاهەنگییە پتەوتر بکرێت".
 
بە گوتەی بەشیر حەداد، ئەوان هاوکار دەبن بۆ ئەوەی یارمەتی وەزارەتی پێشمەرگە بدەن تاوەکو بتوانێت بە ئەرکی خۆی هەستێت، هاوکات "ئەو مافانەی بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانیش لە عێراق هەیەتی، بە دەستبهێنین".
 
هاوکات شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکدا، رایگەیاند، هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنن، ئەگەرچی لە یاسای بودجەی 2019 بڕی تەرخانکراو بۆ پێشمەرگە دیاریکرابوو، "بەڵام زوڵمێکی گەورەبوو لە تاک بە تاکی پێشمەرگە کرا، ئێمە بە چاوێکی گەشبینییەوە سەیری پرۆژە بودجەی 2021 دەکەین کە بودجەی پێشمەرگەشی تێدا دیاریکراوە و بڕەکەشی زیادکراوە".
 
وەزیری پێشمەرگە هیوای وایە، "ئەمجارە وەکو جارەکانی پێشووتر ئەو مافەیان لێنەبڕێت".
 
لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک، شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی، "رۆڵی نوێنەرانی عێراقیشمان لە دروستکردنی هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بە گرنگ وەسفکرد، هەروەک هەردوولا هاوڕابووین، کە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و مەترسیی تیرۆریستان وا دەخوازێت لێکتێگەیشتنی زیاتر بێتە ئاراوە، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆی بونیاتنەرانە دەبێت".