ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: بەهۆی دۆخی سووریا دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە و دەیانەوێت بە هەموو هێزە سیاسییە بەشدارەکان گوشار بکەن لە هێزی سەرەکی "کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و براوەی هەڵبژاردنە، تاوەکو حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی پێکبێت و کێشەکان چارەسەر بکات".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندی دانوستاندکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی رووسیا و ئیتاڵیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "داوام کرد لە دوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کوردستان، لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر و خێراتر بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و دادپەروەر".
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، رۆژی 3-12-2024 میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، گوتی بەلای یەکێتییەوە حکومەتی کارا و بەهێز و دادپەروەر ئەوەیە، کە خزمەتگوزار و نیشتمانی بێت و هەموو خەڵکی کوردستان بە حکومەتی خۆی بزانێت، هەروەها خزمەتی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە یەکسانی بکات، چارەسەرکاری هەموو قەیران و گرفتەکان بێت.
لەبارەی هەنگاوی کردەیی یەکێتی بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتە، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی روونیدەکاتەوە: "بەرنامەیەکی باشمان هەیە بۆ چۆنیەتی کارکردنی ئەم حکومەتە و لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار بکەین بۆ دروستکردنی حکومەتێکی ئاوا."
پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی: "هەموومان پێکەوە گوشار دەکەین لەگەڵ لایەنی سەرەکی کە پارتییە و براوەی هەڵبژاردنەکانە، بۆئەوەی حکومەتێک پێکبێت کە هەموو ئەوانەی تێیدا بەشدار دەبن، بە حکومەتی خۆیانی بزانن، لە ئاستی خواستی هاووڵاتییان بێت".
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەستیان بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت کردووە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکدی کردووە و هەریەکەشیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆبوونەتەوە. بەڵام هیچ یەک لەو هێزانە رێکنەکەوتوون و 51 کورسیی پەرلەمانیشیان کۆنەکردووەتەوە، بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی گوتی، ئەوان گفتوگۆیان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە و بۆچوونیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاڵوگۆڕکردووە، بەڵام تازە لە سەرەتای گفتوگۆکاندان و دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان، گفتوگۆکان چڕدەبنەوە.
سەبارەت بە پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی دەیەمە، پۆڵا سیروان تاڵەبانی گوتی: "بۆ بابەتی پۆست، بێگومان یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی بەرکەوتەکانی، بەپێی سەنگی یەکێتی و هاوبەشییەکی راستەقینە، بەرکەوتەکانی وەردەگرێت".
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا پارتی 39 کورسی، یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەدەستهێنا.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، یەکێتی هێڵی سووری لەسەر کەس نییە و "هەموو کەس و لایەنێک بە نیەتی خزمەتکردن کاربکات، یەکێتی کاری لەگەڵ دەکات و هاوکاری دەبێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە دووری نازانێت دۆخی سووریا کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت، بۆیە داوا دەکات "کورد خۆی کۆبکاتەوە و دامەزراوەکانی تۆکمە بکات، دۆخەکە وادەخوازێت کورد بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبێت، پێویستە بە زووترین کات پەرلەمان چالاک بکرێت و لایەنەکان کۆبوونەوەکانیان چڕبکەنەوە و حکومەت و پەرلەمان دەست بە کارەکانیان بکەن".