رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی خۆشەویستی و ئەڤینداری مام حوسێن و قەدرییە خانی هاوژینی 46 ساڵە بەردەوامە، سەرەڕای نیڤشکان بوونی مام حوسێن، هاوژینەکەی 29 ساڵە پێویستییەکانی بۆ بەڕێوەدەبات.
هەواری خۆشەویستییان ئێستا لە گوندی خان گەشەیە لە سنووری شارەدێی قەرەهەنجیر، مام حوسێن تەمەنی 71 ساڵە و قەدرییە خان، تەمەنی 60 ساڵ.
مام حوسێن 29 ساڵ پێش ئێستا لە رووداوێکدا دەستەکانی دەبڕدرێنەوە، بەڵام قەدرییە خان ناهێڵێت بێ هیوا بێت و جێگەی دەستەکانی بۆ دەگرێتەوە. تەنانەت خواردنەوەی عەسرەچا و میوە و خواردنی ژەمەکانی مام حوسێن هەر بە دەستی هاوژینەکەی دەخوات.
حوسێن سەعید بە رووداوی گوت: "ئەوەندە دڵم خۆشە کە ئەم هاوژینەم هەیە، مەمنونی خۆی و باوکی و دایکی و براکانیشم، چونکە ئەوەندە چاکبوون زۆر جار دەڵێم، خودایە ئەو دەردەی بۆ ئەو هاتووە، بکەوێت لەمن و من پێش ئەو بمرم. زۆرم خۆشدەوێت نەیهێشتووە کە هەست بە کەم و کورتی بکەم."
ئەو دوو هاوژینە پێکەوە لە گوندی خان گەشەی شارەدێی قەرەهەنجیر دەژین، ئەوکات مام حوسێن بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار دەبێت، قەدرییە خان بەڵێن، بەخودا و هاوژینەکەی دەدات تا کۆتایی تەمەن هاوکار و پاڵپشتی بێت.
ئەوان پێکەوە لەگوندەکەیان ئاژەڵداری دەکەن و هاوشانی یەکدی کارەکانی رۆژ رادەپەرێنن.
قەدرییە سابیر، هاوژینی مام حوسێن دەڵێت: "هەستێکی خۆشم هەیە، دایم دڵم بەوەخۆشە مەگەر خوا بەهۆی خزمەتی هاوژینەکەم بە بەهەشتم شاد بکات، دوو رۆژ بوو تووشی رووداوەکە ببوو، لەسەر قەرەوێڵەکە بوو، گوتم خەفەت مەخۆ ئەمە بارە و خوا ناردوویەتی پێکەوە تێدەپەڕێنین."
ئەو دوو هاوژینە خاوەنی پێنج منداڵن، خۆشەویستیی نێوانیان هێندە گەورەیە گەشت و گەڕان نوێژ و دەستنوێژ و هەموو کارێکیان پێکەوەیە، قەدرییەخان دەڵێت، هاوژینەکەی هێندە قوربانی و ماندوویەتی بە دروستبوونی خێزانەکەیانەوە داوە، هەرچی بۆ مام حوسێن بکات کەمە.
قەدرییەخان تەنانەت لە پرسەی کۆچی دوای باوکی لەسەر سفرەی خوانی پیاوان دانیشتووە تاوەکو خواردن لە دەمی هاوژینەکەی بکات، چونکە ئەو توانای نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ