ئاسایشی سلێمانی: دوو تیرۆریستی داعش دەستگیرکران

03-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە سنووری بانی مەقان، دوو تیرۆریستی داعش دەستگیرکران.
 
رۆژی سێشەممە، 03ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵایکردەوە، "شەوی 2-12-2024، لەئۆپەراسیۆنێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان دوو تیرۆریستی داواکراو لەلایەن دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە سنووری بانی مەقان دەستگیربکەن."
 
هەر لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، "ئەو دوو کەسە لە رابردوودا چەکداری داعش بوون و بەشداری چەند کردەیەکی تیرۆریستییان کردووە."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "بەمەبەستی خۆحەشاردان روویان لەسنووری (بانی مەقان)کردبوو، بەهەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش توانرا دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، تیرۆریستان (م.ا.ح) و (ع.ا.ح) بە مادەی 4ی تیرۆر داواکراون لە دادگەکانی عێراق، ئێستا بە هەمان مادە راگیراون.
 
رۆژی 24.11.2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سلێمانی دەستگیرکردنی "گرووپێکی مەترسیداری داعش"ی راگەیاند و گوتی، "ویلایەتی کوردستان"ـی هەڵوەشاندووەتەوە و تۆڵەی شەهیدانی قەرەداخ و ناوشوانی کردووەتەوە.
 
گرووپەکە لەژێر ناونیشانی "ویلایەتی کوردستان" کاریان کردووە، بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، یەکێک لە ئیشەکانیان رفاندنی بازرگانان بووە بەمەبەستی کۆکردنەوەی پارە و ناردنی پارەکە بۆ گرووپەکانی دیکەی داعش و سەرکردە باڵاکانیان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رۆژی 9-8-2024 تاوەکو 22-11-2024 بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان چەندین ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ئەنجام بدەن".
 
بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی، "بەشێوەی بەردەوام لەپێناو دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش و هەڵوەشاندنەوەی (ویلایەتی کوردستان)، چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە لە سنووری سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە، رانیە، تەکیەی جەباری، تەکیەی کاکەمەند، ناوچەی شارەزوور، ناڵپارێز، دەربەندیخان، پیرەمەگروون، قۆپییەکانی قەرەداخ، ناوچەی سەنگاو، جەبەل بۆر، چیای زەمبوور، ناوچەی ناوشوان، گوندی ژاژ لە نزیک قەزای چەمچەماڵ، تەقتەق و شاخی قەرەسرد".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.