لە وان پێنج کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە خرانە زیندانەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان لە کۆی 11 کەس کە بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران دەستبەسەرکران، پێنج کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، لە رۆژانی نێوان 24ـی تشرینی دووەم بۆ یەکی کانوونی یەکەمی 2024 تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە کۆچبەران کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی وانن، چەند ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و 11کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران دەستبەسەرکرد.
 
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی ئەو 11 کەسە رەوانەی دادگە کراون و دادگەش بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ پێنج کەسیان دەرکردووە.
 
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام چوونی کۆچبەری ئەفغانستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەردەکرێن.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا، شەش هەزار و 339 ئۆپەراسیۆن دژی قاچاخچێتی بە کۆچبەران کراوە.  لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا سێ هەزار و 924 قاچاخچی خراونەتە زیندانەوە.