سەرچاوەیەک بۆ رووداو: ناردنی 400 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی بەهێزە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ئەو زانییاریانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی عێراق دەستی کەوتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە و ئەگەر بگەنە ئەنجام بڕی 400 ملیار دیناری دیکە بەم زووانە دابین دەکرێت و خەرج دەکرێت بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، چەند رۆژێکە لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەی جیدی و چڕ بەرێوەدەچێت تاوەکو لەبارەی گواستنەوەکە بەزوویی بگەنە ئەنجامێک. 
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو 400 ملیار دینارە بۆ یەک مانگ نییە و دابەش دەکرێتە سەر ئەو سێ مانگەی ماوە.
 
سەبارەت بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 11، ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، وردبینی دەستیپێکردووە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو 761 ملیار دینارەی بەغدا ناردی، هێشتا نەکراوە بە کاش و لە بانکە، لەنێو بەرپرسانی وەزارەتی داراییش بۆچوونێک دروستبووە کە وەرینەگرن، چونکە ناتوانن بە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە، چونکە داهاتی نێوخۆ مانگانە نزیکەی 180ملیار دینارە، بەڵام کورتهێنانی مووچە 240 ملیارە.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو پارەیەی بۆمان هاتووە بە مەزاجی شەخسی نێردراوە و هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە ئێمە داوای گواستنەوەمان کردووە، داوامان کردووە نزیکەی سێ ترلیۆنمان بۆ بنێرن، بەڵام بە زارەکی گوتوویانە تاوەکو مانگی 12 هەر مانگەی 760 ملیار دەنێرین، ئەویش دڵنیانین بۆ مانگەکانی 11 و 12 بەردەوامدەبن یان نا".
 
وەزارەتی دارایی چاوەڕێیە لەم رۆژانەدا بەغدا پارەی دیکە بنێرێت تاوەکو بتوانین بە نیوەی داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە.