کارکردن لە هەموو پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە سلێمانی راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی رایگەیاند، نرخی ئاژەڵی زیندوو کەمێک دابەزیوە، بۆیە پێداچوونەوە بە نرخی گۆشتی سوور دەكەن. ئاشكراشی دەكات كە "بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە فرۆشتنی گۆشتی سوور لە سلێمانی 35% كەمی كردووە."
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی) كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات رایگەیاند، نرخی ئاژەڵی زیندوو کەمێک دابەزیوە، بەڵام نرخی گۆشت بەو جۆرە دانەبەزیوە. "پێشتر نرخی بەرخ بە زیندە قەپان، كیلۆی تاوەكو 11هەزار دیناریش رۆیشتبوو، بەڵام ئێستا 8 هەزارو 500 دینارە، هەرچەندە نرخی ئەو جۆرە گۆشتە لە 24 هەزار دینارەوە بۆ 22 هەزار دینار دابەزیوە، بەڵام پێداچوونەوە و رێكخستنی نرخ بۆ ئەم قۆناخە پێویستە."
جەمال حوسێن گوتی: "لە هەندێ شوێن نرخی گۆشتی گوێرەكە بە 20 هەزار دینارە، هەندێ شوێنیش هەیە نووسیویەتی نرخی گۆشتی گوێرەكە بە 10 هەزار دینارە، ناكرێت هەریەك جۆر گۆشت دوو نرخی بەو جۆرە جیاوازیان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەم جۆرە نرخانە یەك بخرێن و بەرچاو روونیش بدرێتە كڕیاران."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە دوو مانگە لایەنە پەیوەندیدارەكانی چاودێری و رێكخستنی نرخی گۆشت كۆنەبوونەتەوە . "بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە دەکەین".
بەرپرسەكەی سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا لە سلێمانی پێویستی نێوخۆیی لە گۆشتی سوور رۆژانە 90 تۆنە كە نیوەی گۆشتەکەی خۆماڵییە."
ئەوەی بۆ جەمال حوسێن مایەی نیگەرانییە ئەوەیە كە پڕۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵی بچووك و گەورە هیچ بەرهەمێكیان نییە. "لە سلێمانی 23 پڕۆژەی بەخێوكردنی ئاژەڵمان هەبوو، كە 17یان ئاژەڵی گەورە و شەشیان ئاژەڵی بچووكیان بەخێو دەکرد، بەڵام بە درێژایی ئەم ساڵ هیچیان یەك سەریشیان بەخێو نەکردووە."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، لە پێناو هاوردەكردنی زۆرترین سەر ئاژەڵ بۆ سەربڕین و دابەزاندنی نرخی گۆشت، لە 11 مانگی رابردوودا مۆڵەتی هێنانی 135 هەزار سەر ئاژەڵیان داوە.