گومرگی کرماشان: هەناردەی دەروازەی سنووریی خوسرەوی گەیشتە 638 ملیۆن دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە 20٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 638 ملیۆن دۆلار.
رۆژی سێشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-11-2024 واتە لە ماوەی هەشت مانگدا، یەک ملیۆن و 256 هەزار و 926 تۆن کەلوپەل هەناردەی عێراق کراوە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە هەناردەکراون، بایی زیاتر لە 638 ملیۆن و 584 هەزار دۆلار بوون.
بە گوتەی عەباسزادە، بەراورد بە پار لە هەمان ماوەدا هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە لەڕووی کێشەوە 2% و لەڕووی نرخیشەوە 20% زیادی کردووە.
زیاترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە: چیمەنتۆ، بەرد، ئاسن، کاشی، مەڕمەڕ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، سەوزە و میوە.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.