لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی گشتی و بەتایبەتەوە ئامادەکاری بۆ هاتنی سەری ساڵ و، گەشتیارانی زستانە دەکرێت. 
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئە ئامادەکارییانە بەتایبەتی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراون. 
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بنکە گەشتیارییەکان دەستیان بە ریکلام کردووە بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، ئەوەش بەئامانجی راکێشانی گەشتیاری زیاتر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە.
 
بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ، لیژنە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێندرێت و لە بازگەکانەوە وێڕای پێشوازی، رێنوێنی دەدەنە گەشتیاران. 
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی "لەگەڵ لایەنی ئەمنی هاوئاهەنگیمان هەیە، کە لە بازگەکانەوە کارئاسانیی زۆر بۆ گەشتیاران بکەن." 
 
چالاکیی سەر بەفر 
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم ساڵ لەگەڵ دەستپێکی بەفرباریندا، لە دهۆک، پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، چیای حەسەن بەگ و کۆڕەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر چالاکی سەر بەفر دەکرێن.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوەشکرد، لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە، فێستیڤاڵێکی کولتوور و هونەری بە بۆنەی سەری ساڵەوە لە دهۆک سازدەکرێت. 
 
گوتیشی "ئێستا هەرێمی کوردستان رێژەی گەشتیاری زستانەشی زیادیکردووە، 15٪ـی گەشتیاران ئەوانەن لە زستاندا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن." 
 
دەستەی گەشتوگوزار چاوی لە راکێشانی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیارە 
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو لە ماوەی 10 رۆژدا بەهۆی سەری ساڵەوە، 200 هەزار گەشتیار هاتنە هەرێمی کوردستان، دەستەکە چاوی لەوەیە ئەمساڵ ئەو ژمارەیە تێپەڕێنێت.
 
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاری نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون:
 
- 468 هوتێل
- 267 موتێل
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 20 گوندی گەشتیاری
- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستۆرانت
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری